Çiğdem Alyanak,Muhammet Ali Kemal
11 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2018
ئیستانبوڵ - AA
١٧ ئاژەڵ کە هەریەک لە شێر، پڵنگ، پوما و لیۆپارد-یان لەنێودایە و لە خانەوادەی پشیلەکانن لە پارکی شێر لە توزڵا کە یەکەم پارکی لەو جۆرەیە لە تورکیا و سێیەمە لەسەر ئاستی جیهان لە چاوەڕوانیی سەردانیکەرانیاندان.

پارکی شێر کە بە مۆڵەتی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەمی رابردوو لە ڤیاپۆرت مارینای توزڵا دەرگای بەڕووی سەردانیکەرانیدا کردووەتەوە، ١٧ ئاژەڵی جۆراوجۆر لە حەوت توخمی جیاواز لە خۆدەگرێت.
پارکەکە بەپێی ستانداردەکانی European Association Of Zoos دیزاین کراوە و ئاژەڵەکانی لە هەریەک لە کۆماری چیک، بەلجیکا، پۆڵەندا و ماڵتاوە بۆ هێنراون.

لەئێستادا سێ شێر، دوو پڵنگی سیبریا، دوو پڵنگی بەنگال، دوو پشیلەی دڕندەی کاراکاڵ، دوو پشیلەی دڕندەی لینکس، دوو پوما، دوو بێچووە شێر و دوو لیۆپارد لە پارکەکە هەن. لە ماوەیەکی کورتدا دوو لیۆپاردی رەش، چوار شێری سپی، دوو سێرڤڵ و دوو بێچوو پڵنگی دیکەی بۆ دەهێنرێت.
لەگەڵ زانی لیۆپاردە مێینەکان، دوو بێچووە لیۆپاردی دیکە بۆ پارکەکە زیاددەبێت.

لە پارکەکەدا ئاژەڵەکان لە لایەن ڤێتێرنەری شارەزا و بەخێوکەری بە ئەزموونەوە چاودێریی و بەخێو دەکرێن.
لەنێو ئاژەڵەکانی پارکەکەدا زۆرترین بایەخ لە لایەن سەردانیکەرانەوە بە بێچووە شێرێکی دوو مانگە دەدرێت. سەردانیکەران لە میانی گەڕانیان بە پارکەکەدا، دەتوانن لە رێگەی مەمەوە شیر بدەنە بێچووە شێرەکان.