ئەنقەرە
سەرۆكی گشتی پارتی گەلی كۆماری كەماڵ قڵێجدارئۆغڵو گوتی: "هاوڕێیان و پەرلەمانتارانی جەهەپە پێیان خۆشە دەنیز بایكاڵ پاڵێوراوی جەهەپە بێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان و لەو چوارچێوەیەدا داوام لە بایكاڵ كرد و ئاواتەخوازم خێری بۆ توركیا تێدا بێت".
كەماڵ قڵیجدارئۆغڵو دوای كۆبوونەوەی پارتەكەی سەردانی پەرلەمانی كرد و سەردانی لای دەنیز بایكاڵی كرد كە حاڵی حازر سەرۆكی كاتی پەرلەمانی توركیایە. دوای ئەو دیدارە كە نزیكەی 30 خولەکی خایاند، قڵێجدارئۆغڵو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و كاتێك رۆژنامەنووسان گوتیان ئایا دەكرێت بڵێن بەخێر بێیت بۆ توركیا؟ قڵیجدارئۆغڵویش گوتی: "بێگومان هیچ كێشەیەك نییە".
ناوبراو هەروەها دەڵێت: "كەس شكی لەسەر پابەندبوونی بایكاڵ بە دیموكراسییەوە نییە، ناوبراو ئیمانی بە یاساكان هەیە و گرنگی بە پێوانەكانی كۆمار دەدات و هەر كەسیش دەزانێت كە پابەندی توركیایە".
قڵێجدارئۆغڵو درێژەی دایە و گوتی:" حاڵی حازر بایكاڵ سەرۆكی كاتی پەرلەمانە. ئاواتەخوازین ئەم كاتییە ببێتە هەمیشەیی و هاوڕێیانی پەرلەمانتاریشمان دەیانەوێت بایكاڵ سەرۆكی پەرلەمان بێت. منیش لەو چوارچێوەیەدا قسەم لەگەڵ بایكالدا كردووە و پشت بەخوا خێری بۆ توركیا دەبێت".
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا هەڵبژاردنی بایكال بۆ سەرۆكی پەرلەمان نیشانەی پێكهێنانی حكوومەتی هاوپەیمانییە یا نا؟ قڵێجدارئۆغڵو وەڵامی دایەوە "نا ئەمە پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە نییە".
لە لای خۆیەوە بایكاڵیش سوپاسی هەڵوێستی قڵیجدارئۆغڵوی كرد و گوتی: "كەسێك كە ماوەی 20 ساڵە زمانی خۆی بەگوێرەی زمانی پەرلەمان رێك خستووە ئاسان نییە كە بتوانێت زمانی خۆی بگۆڕێت بۆیە داوا لە هەموان دەكەم لەمبارەوە نەرمی بنوێنێت بەڵام پشت بەخوا لەمە بەدواوە شتی وا نابێت".
قڵێجدارئۆغڵویش گوتی: "پشت بەخوا ئەم كاتییە دەبێتە هەمیشەیی و پرسی كاتی و هەمیشەییش چارەسەر دەكرێت".