ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ( رەجەب تەیب ئەردۆغان) رایگەیاند: بە پێ ئەنجامی راپرسییەکان، رێژەی پشتگیریکردنی خەڵک لە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا سەدا ٦٠ تا سەدا ٧٠یە.
سەرۆکوەزیران لە میانی پرۆگرامێکی ھاوبەشی راستەوخۆی کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی (ئاخەبەر و ئاتیڤی)دا وەڵامی چەندین پرسیاری سەبارەت بە بارودۆخی تورکیا و پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیای دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دابەزاندنی رێژەی سەدا ١٠ی بەربەستی ھەڵبژاردن و سیستەمی ناوچەی بەرتەسککراوی ھەڵبژاردن گوتی" سەبارەت بە سیستەمی ھەڵبژاردن سێ سیستەمی جیاواز پێشنیارکراوە و دەمانەوێ لە سەر ھەرسێ سیستەم گفتوگۆ بکەین. یەک لەو پێشنیارانە سیستەمی ھەنوکەیی ھەڵبژاردنە، ئەو سیستەمە پێش ھاتنی ئاکەپە بۆ دەسەڵات پەیڕەو دەکرا و ئێمەش وەک ئاکەپە پەیڕەومان کرد، رێژەی بەربەستی ھەڵبژاردن سەدا ١٠ بوو، تەمەنی ئاکەپە ئەو کات ١٦ مانگ بوو و بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان کرد و سەرکەوتنی بە دەستھێنا.
سەبارەت بە پێشنیاری دووەمیش ئەردۆغان گوتی" داوامان کرد رێژەی بەربەستی ھەڵبژاردن بۆ سەدا پێنج دابەزێنرێت و سیستەمی پێنج بازنەیی ھەڵبژاردن پەیڕەو بکرێت و تورکیا لە سەر ١١٠ ناوچەدا دابەش بکرێت و بەمجۆرە لە سەرانسەری تورکیا بەربەستی سەدا پێنج پەیڕەو بکەین و لە ھەر ناوچەیەکدا ٥ ئەندام پەرلەمان ھەڵبژێردرێن ، ئێمە بەم سیستەمە دەڵێن سیستەمی ناوچەی بەرتەسککراو.
سەبارەت بە پێشنیاری سێیەمیشگوتی: سێیەمین پێشنیاری ئێمە ھەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی رێژەی بەربەستەکان و دابەشکردنی تورکیا لە سەر ٥٥٠ ناوچەی ھەڵبژاردنە، لەم سیستەمەدا لە ھەر ناوچەیەک یەک پەرلەمانتار ھەڵدەبژێردرێت.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ھەروەھا گوتی" ئێمە چاوەڕوانی بیروڕا و پێشنیاری جیاوازین و گفتوگۆی لەسەر ھەر پێشنیارێک دەکەین. ئەم سیستەمە بۆ قۆناغی نوێی تورکیا سیستەمێکی یەکجار باشە و لەو باوەڕەدام دەبێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ وڵات.
ئەردۆغان لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی" لە کۆتاییدا ئێمە بۆ جێبەجێکردنی ھەر یەکێک لەو پێشنیارانە پرس بە رای گشتی دەکەین و رای گشتی کامە سیستەمی پێ باشبێت، ئەو سیستەمە جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکوەزیر ھەروەھا باسی لەوەشکرد بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ھەڵبژاردن، دەبێ گۆڕانکاری لە یاساکاندا بکرێت، بۆیە باوەڕناکەم تا جەژنی قوربان بتوانرێ ئەو گۆڕانکارییانە ئەنجام بدرێن و گوتی" لە بەرنامەماندایە تا جەژنی قوربان لە رووی ئیدارییەوە گۆڕانکاری پێویست بکەین، چونکە ئەم گۆڕانکارییانە ئاسانن و بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دەدرێن، بۆیە دەمانەوێ پێش ھاتنی جەژن ئەم گۆڕانکارییانە جێبەجێ بکەین و یەکەم موژدە بدەینە خەڵکی خۆمان. دوای جەژنیش ھەوڵ دەدەین گۆڕانکارییە یاساییەکان بخەینە بەردەم پەرلەمان.
ئەردۆغان سەبارەت بە رێژەی پشتگیریکردنی خەڵک لە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن گوتی: تا ئێستا چەندین راپرسی ئەنجامدراون و بە پێی ئەنجامی ئەو راپرسییانە رێژەی پشتگیریکردنی خەڵک لە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن لە نێوان سەدا ٦٠ تا سەدا ٧٠ یە.
سەبارەت بە ناوەرۆکی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی" ئەو پاکێجە تایبەت نییە بە ناوچەیەکی دیاریکراو، بۆ سەرانسەری تورکیایە، بۆیە بە ھەرێمکردنی ئەو پاکێجە کارێکی ھەڵەیە.
پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن تەنیا داواکاری ھاووڵاتییە کوردەکان نییە، بەڵکو داواکاری پێکھاتەکانی دیکەی تورکیاشە. بۆ نموونە سووریانییەکان داوای دامەزراندنی قوتابخانەی تایبەتی خۆیانیان کرد، ئەوانیش چاوەڕوانییەکی بەمجۆرەیان ھەبوو، گەڕاندنەوەی زەوییەکانی مۆرگابریەل سووریانییەکانی زۆر خۆشحاڵ کرد. ھەر جار لە چوارچێوەی شاندی جیاجیا لە دەرەوە دەھاتنەوە و سەردانی ئێمەیان دەرکرد، دەیانپرسی کەی زەوییەکانمان بۆمان دەگەڕێندرێنەوە؟ کەی دەتوانین بچینەوە ماردین؟ بە ھۆی ژمارەیەک ھۆکاری زۆرەوە ئەو مرۆڤانە لەم وڵاتە باریان کردووە، بەڵام ئێستا دەیانەوێ بگەڕێنەوە، کاتێک گەرانەوە داوای قوتابخانە و شتی دیکەیش دەکەن.
- تورکی زمانی رەسمییە
سەبارەت بە پرسی پەروەردە بە زمانی زگماکی، سەرۆکوەزیری تورکیا گوتی: ناکرێ ئەم مەسەلەیە تێکەڵی مەسەلەی زمانی رەسمی بکرێ، دوو مەسەلەی لە یەکتر جیاوازن، زمانی رەسمی تورکییە، بۆ خۆیان قوتابخانەی تایبەت دادەمەزرێنن و پەروەردەی خۆیان دەبینن و سەرەڕای ئەمەیش لە قوتابخانە تایبەتییەکانیشدا زمانی رەسمی ھەر تورکییە. ئەردۆغان ھەروەھا گوتی" ئێمە باس لە دروستکردنی قوتابخانەی بیانی ناکەین، قوتابخانەکانی ئەڵمان و گاڵاتاسەرای جیاوازن، ئەو قوتابخانانە لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی نێوان حکومەتەکاندا دامەزراون، سەرەڕای ئەوەش لە تورکیا دامەزراون و بیانی نین و داوا دەکەین کە ئەوانیش ببنە قوتابخانەی تایبەت، با ئەوانەی کە داوای پەرەوەردە بە زمانی دایک دەکەن بێن و بۆ خۆیان قوتابخانەی خۆیان دروست بکەن و بەمجۆرە بە زمانی خۆیان دەست بە پەروەردە بکەن.
ھەر سەبارەت بە قوتابخانە تایبەتییەکان و پەروەردە بە زمانی دایک ئەردۆغان گوتی" ئێمە گوتمان با کوردی ببێتە وانەی بژاردە و لە قوتابخانە دەوڵەتییەکاندا بگوترێتەوە، ئەمە بەس نەبوو لە زانکۆکانیشدا بەشی تایبەتی کوردی کرایەوە. ئەمە زۆر گرنگە و ئێمە ھەنگاوی پێویستمان ھاویشتووە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا لە چوارچێوەی بەکار ھێنانی زمانی دایکیدا ھێڵی ئاسمانی تورکیا بۆی ھەیە زمانی کوردی بەکار بھێنی؟ ئەردۆغان گوتی" بابەتی خزمەتگوزاری لە ھێڵی ئاسمانی تورکیا بابەتێکی دیاریکراو و تایبەتە.
- جیاوازی لە نێوان ھیچ پێکھاتەیەکدا ناکەین
سەرۆکوەزیری تورکیا رایگەیاند: ئەو شتانەی لە پێشەکی خاڵی سیستەمی سیاسی تورکیا (لائیک) لە دەستووری ١٩٨٢دا سەبارەت بە یەکسان بوونی پێکھاتە جیاجیاکان و پاراستنی ئەو پێکھاتانە لە لایەن دەوڵەتەوە، ھیچیان جێبەجێ نەکراون و لەو بوارەدا ھەمیشە غەدر لە ئێمە و منداڵەکانمان کراوە، بۆیە ئێستا ئێمە نامانەوێ غەدر لە ھیچ کەسێک بکەین و لە سەردەمێکدا کە تاکەکەس لە ژێر گارەنتیدا بێت، ئێمە جیاوازی لە نێوان ھیچ کەس و پێکھاتەیەکدا ناکەین.
- سەرپۆش
سەرۆکوەزیری تورکیا وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە مەسەلەی سەرپۆشی دایەوە و گوتی" بێجگە لە کارمەندانی سوپا، کارمەندانی ھێزە ئەمنییەکان و دادوەر و داواکارەکان، پۆشینی سەرپۆش سەربەستە. سوپا، ھێزە ئەمینییەکان و دادوەر و داواکارەکان لە چوارچێوەی دەزگاکانی خۆیاندا دەتوانن لە کاتی پێویستدا گۆڕانکاری ئەنجامبدەن، بۆیە ئەو گۆڕانکارییانە ئەو سێ ھێزە ناگرنەوە.
ئەردۆغان گوتی" ھەوڵ دەدەین بە پەلە لە بواری ئیداری بە تایبەت لە ئیداراتی رای گشتیدا، دەست بە جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکان بکەین و مافی ئەوەمان بە چەند دەزگاداوە لە چوارچێوەی پێداویستی و پەیڕەوی ناوخۆیی خۆیاندا دەست بەو گۆڕانکارییانە بکەن و ئەو ھەنگاوانەی کە تا ئێستا لەو بوارەدا جێبەجێَکراون زۆر گرینگن.
سەرۆکوەزیر ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ ھەڵبژاردنە ھەرێمییەکانی تورکیا چەندین پاڵێوراویان دەبێت کە سەرپۆشن.
- ماوەی سەربازی کورت دەکرێتەوە
لە کۆتایی بەرنامەکەدا سەرۆکوەزیری تورکیا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ماوەی سەربازی لە تورکیا گوتی" ئێمە وەکو حکومەت بۆ کۆرتکردنەوەی ماوەی سەربازی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپا گەیشتنە رێککەوتنێک بۆیە ماوەی سەربازی لە سوپا کورت دەکرێتەوە و وابزانم بۆ ١٢ مانگ دادەبەزێ و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەکاری پێویست کراوە و سەبارەت بە سیستەمی ئەڵتەرناتیڤی سەربازیش ئەو بڕیارانەی کە پێشتر درابوون، لەمەودوا جێبەجێ دەکرن.
news_share_descriptionsubscription_contact

