ئەنقەرە
هەدەپە رایدەگەیەنێت ئەگەر حكوومەتێكی هاوبەش لە نێوان جەهەپە و ئاك پارتی پێكبهێنرێت، ئەوا هەڵوێستی ئەوان بوون بە ئۆپۆزسیۆنێكی بنیاتنەر دەبێت.
دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی شاندی ئاك پارتی و هەدەپە كە لەشاری ئەنقەرە بەڕێوەچوو، پەرلەمانتاری هەدەپە سرری سورەیا ئۆندەر لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسانداو باسی لە كۆبوونەوەكە كرد.
ئۆندەر لەبارەی كۆبوونەوەی شاندی پارتەكەیان لەگەڵ شاندی دانوستاندكاری ئاك پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت ئاماژەی بەوەدا كە كۆبوونەوەكە زۆر شەفافانە بەڕێوەچووە و بە كۆبوونەوەیەكی سوودمەندیشی ناوبرد.
ئۆندەر ئاماژەی بەوەدا كە جگە لە پرسی نێوخۆیی چەند پرسێكی ناوچەییش لەكۆبوونەوەكەدا باسكراون و بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕ كراوە و مشتومڕیان لەسەر كراوە و لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕاو نیگەرانی و پێشنیازی و هەڵوێستی پارتەكەشیان گەیاندۆتە شاندی ئاك پارتی.
ناوبراو ئاشكرای كرد كە هەردوولا كۆك بوون لەسەر بەردەوامی دان بە پەیوەندی و گفتوگۆكانیان و گوتی: "لە كۆبوونەوەكەدا هەڵوێستی خۆمان لەبارەی سێ بنەمای سەرەكی دیموكراتی و ئاشتی و دادپەروەریەوە گەیاندە شاندەكە. لەسەر ئەم سێ پرسە سەرەكیە، قسەمان كرد كە بەرامبەر بە چی دەبێت. لەكاتی دروست كردنی هاوپەیمانی ئاك پارتی و جەهەپەدا، هەڵوێستی خۆمان گەیاند كە بوون بە ئۆپۆزسیۆنێكی بنیاتنەرە، بەڕێز سەرۆكوەزیرانیش بیروڕای خۆیانی لەسەر هاوپەیمانی و پرسەكانی تر دەربڕی. وەك كاری سەرەكی، بڕیارمان دا كە بەردەوامی هەبێت كۆبوونەوەكانمان، یان هەوڵ بدەین پەیوەندیەكان نەپچرێن".