Nazlı Yüzbaşıoğlu,Haydar Hadi,1 23,Muhammet Ali Kemal
21 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2018
ئەنقەرە/بەغدا – AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو:
- "هەولێر گوێی لە پێشنیازەکانی ئێمە نەگرت و چووە ناو گشتپرسییەوە. من دڵنیام خۆشیان لە ئێستادا ئەوە دەزانن کە ئەو ریفراندۆمە هەنگاوێکی چەند هەڵە بوو".
- ''هاوشێوەی ئەوەی تورکیا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتونەوە دوێنێ دەستی بە پاککردنەوەی عەفرین لەو تیرۆریستانە کرد، پێویستە لە ناوچەکانی دیکەی سووریا و لە عێراق و لە چیاکانی تورکیاش ئەو تیرۆریستانە بەتەواوەتی پاکبکرێنەوە''.
- "هاوشێوەی قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە قۆناغی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی عێراقیش تورکیای برا گەورەترین پشتگیری عێراق دەکات".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند ''هاوشێوەی ئەوەی تورکیا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتونەوە دوێنێ دەستی بە پاککردنەوەی عەفرین لەو تیرۆریستانە کرد، پێویستە لە ناوچەکانی دیکەی سووریا و لە عێراق و لە چیاکانی تورکیاش ئەو تیرۆریستانە بەتەواوەتی پاکبکرێنەوە''.
دوای کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و هاوتا عێراقییەکەی، ئیبراهیم جەعفەری لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجام دا.
مەولود چاوشئۆغڵو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە هاتنی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، ئاماژەی بەوەشدا کۆبوونەوەیەکی ئەرێنیان ئەنجام دا لەبارەی ئەو مژارانەی پەیوەندییان بە هەردوو وڵات و ناوچەکەوە هەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە رێگای جەعفەرییەوە پیرۆزبایی گەلی تورکیا لە گەلی عێراق دەکات بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنانەی بەسەر داعشدا تۆمار کران و گوتی: "هاوشێوەی قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە قۆناغی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی عێراقیش تورکیای برا گەورەترین پشتگیری عێراق دەکات. بە تەواوی تواناکانمانەوە بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی عێراقی برا".
مەولود چاوشئۆغڵو جەختی کردەوە کە بەوپەڕی تواناوە تورکیا پشتگیری یەکڕیزی سیاسیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات و گوتی: "هەولێر گوێی لە پێشنیازەکانی ئێمە نەگرت و چووە ناو گشتپرسییەوە. من دڵنیام خۆشیان لە ئێستادا ئەوە دەزانن کە ئەو ریفراندۆمە هەنگاوێکی چەند هەڵە بوو. پێویستە هەمووان رێز لە دەستووری عێراق، یاساکان و ئەو بڕیارانە بگرن کە دادگای دەستووریی دەیدەن. ئەگەر مافێک هەبێت، ئەوا شوێنی گەڕان بەدوای ئەو مافەدا بەغدایە، شوێنی دیکە نییە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو جەختی لەوەکردەوە تورکیا بە مەبەستی ئاسانکردنی پرۆسەی دیالۆگ لە عێراق و بە ئەنجامگەیاندنی ئامادەیە هەموو جۆرە رۆڵێک بگێرێت و رایگەیاند:
''گرنگە کە عێراق لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پاکبکرێتەوە، بە هەمان شێوە ئەوەش زۆر گرنگە کە عێراق لە سەرجەم رێکخراوە تیرۆریستییەکان پاکبکرێتەوە. بەتایبەت پێویستە کە عێراق بە تەواوەتی لە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە پاکبکرێتەوە. داعش، پەکەکە، یەپەگە، کەجەکە و پژاک ئەگەرچی خاوەنی ئایدۆلۆجیای جیاواز بن، بەڵام هەموویان رێکخراوی تیرۆریستیین، ئامانجی هەموویان یەک شتە. ئەمانە خوازیاری ئەوەن کە هەریەک لە عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران دابەش بکەن. هاوشێوەی ئەوەی تورکیا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتونەوە دوێنێ دەستی بە پاککردنەوەی عەفرین لەو تیرۆریستانە کرد، پێویستە لە ناوچەکانی دیکەی سووریا و لە عێراق و لە چیاکانی تورکیاش ئەو تیرۆریستانە بەتەواوەتی پاکبکرێنەوە. ئێمە بۆ ئەوەی عێراق لە پەکەکە پاکبکرێتەوە، وەک ئەوەی لە سەردانەکەی بەڕێز عەبادی-دا بۆ ئەنقەرە پێشتر جەختمان لەسەرکردبوویەوە، ئامادەی هەر جۆرە پشتیوانییەکین''.