تونجەلی
سەرۆکی پارتی ماف و ئازادیەکان HAK-PAR کەمال بورکای لە لێدوانێکیدا لە پرۆسەی "رێپێوانی ئازادی و ئاشتی" لەتونجەلی سەبارەت بەکارەکانی پارتەکەی بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە شەقامی جمھوریەت گوتی: ئامادەکاریمان بەردەوامە و دەمانەوێ بەلیستێکی فراوانەوە بەرەو پڕۆسەی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان بڕۆین، بەردەوام پشتیوانی لە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکەین، کە سەدان ساڵە بەردەوامە.
گوتیشی: "HAK-PAR یەکەم پارتە لە ھەوڵدانیدا بۆ یەکسانیی نێوان گەلان، چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ ئێمە جێگای شانازییە. پشتیوانی رێگەچارەی ئاشتی دەکەین بۆ چارەسەری کێشەی وڵاتەکەمان، لەگەڵ توندوتیژی و ھەڕەشە نین."
دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکەش کەمال بورکای لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و سەبارەت بە ڕوداوەکانی دەرسیم گوتی: رووداوەکانی ساڵی ١٩٣٧ – ١٩٣٨ی دەرسیم بە کۆمەڵکوژیی ناو دەبەم، گەلەکەمان ستەمی زۆری لێکراوە، بەڕێز سەرۆکی حکومەت بەناوی دەوڵەتەوە داوای لێبوردنی کرد، بەلای ئێمەوە گرنگ نییە بەچ مەبەستێک داوای لێبوردن لە خەڵکی دەرسیم کراوە، گرنگ ئەوەیە سەرۆکی حکومەت گوتی ئەمە گرنگە لەلای ئێمە.
سەبارەت بەبەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان بورکای گوتی: "لەنێوان خۆماندا گفتوگۆمان کردوە و بڕیاری کۆتایمان داوە، خۆمان ئامادە دەکەین بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنیشارەوانییەکان، دەمانەوێ لەسەرجەم ناوچە کوردنشینەکان و ڕۆژئاوادا بەشداری بکەین، دەمانەوێت بەلیستێکی فراوانەوە بەرەو پڕۆسەی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان بڕۆین."