مەرسین
کەمال بورکای بۆ ئامادەکرنی راپۆرتێک ئەم جارەش سەردانی شاری مەرسینی لە باشووری تورکیا کرد ولە بەردەم شارەوانیی مەرسین کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد.
بورکای گوتی: "پێمان خۆشە ئەم پرۆسەی ئاشتییە بەردەوام بێ و جارێکیتر شەڕ لەم خاکەدا روونەدات و ھەرکەس بەرپرسیارێتیی خۆی بگرێتە ئەستۆ."
کەمال بورکای لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردە سەرپێویستیی رێگەچارەی سیاسییانەی پرسی کورد و گوتی: "داوا لە حکومەت دەکەین لەسەر بنەمای یەکسەنی ئەم کێشەیە چارەسەر بکا، باشترین رێگایش بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا فیدراڵییە."
ھەروەھا باسی کێشەی عەلەویەکانی لە تورکیا کرد و گوتی: "دەمانەوێ ئەم کێشەیش لەسەر بنەمای دادپەروەری چارەسەر بکرێ."
لە کۆتایی قسەکانیشیدا کەمال بورکای باسی دیموکراسی لە تورکیا کرد و گوتی: "ئیتر دەتوانین ھەندێک کێشەی خۆمان بەئاسانی بە حکومەت و رای گشتی رابگەیەنین. لە شەڕی ٣٠ ساڵی رابردوودا زۆر کەس گیانیان لە دەست دا، چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بە شەر ناکرێ، لەبەرئەوە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین ھەنگاوی گەورەتر بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە بھاوێ."