Hatice Şenses Kurukız,Berk Özkan
17 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند تورکیا پێویستی بە سیاسەتی خزمەتکردن ھەیە و گوتی " ئێمەش بەم تێڕوانینەوە لە ھەموو لایەکی وڵاتەکەمان بە دروستکردنی پڕۆژە و ئەنجامدانی وەبەرھێنان کاری خۆمان دەکەین. ھەوڵدەدەین تەواوی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە رۆژئاوای تورکیا ھەن بگوێزینەوە بۆ رۆژھەڵاتی وڵاتەکەمان. وێڕای ئەو ئاستەنگانەی رێکخراوی تیرۆریستی و پشتیوانەکانی لەبەردەممان دروستی دەکەن، سەرکەوتوو بووین لەوەی ئەم خزمەتگوزارییان بخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەردۆغان لە کۆشکی کۆماری ھوبەر-وە لە ئیستانبوڵ لەرێگەی پەیوەندییەکی راستوخۆ، بەشداری لە رێورەسمی کردنەوەی پردی حەسکێف-٢ کرد.
ئەردۆغان، گوتارەکەی بەیادکردنەوەی ھەشتەمین سەرکۆماری تورکیا تورگوت ئۆزال، کە ئەمڕۆ ٢٨مین ساڵرۆژی کۆچکردنێتی دەستپێکرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان: ''ئۆزاڵ-ی خوالێخۆشبوو، سیاسەتمەدارێکی گەورەیە کە ھەوڵیداوە بۆ بەھێزبوون و گەشەسەندنی وڵاتەکەمان، بە راستگۆیی، دروستیی و کۆشش جێگەی لە دڵی گەلەکەماندا کردووەتەوە''
ئەردۆغان، گوتیشی "بەھەموو ھێزمانەوە کاردەکەین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاڵای خزمەتی وڵات کە لە کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەریی وەک خوالێخۆشبوو تورگوت ئۆزاڵ-مان وەرگرتووە".
ئەردۆغان، لە بارەی پردی حەسکێف-٢، گوتی "ئەم پردە پەیوەندی نێوان باتمان، ماردین و دەروازەی خابوور دروست دەکات و، کاریگەر دەبێت لەسەر بازرگانی ناوچەکەمان''.
ئەردۆغان، گوتیشی "لە ماوەی ١٩ ساڵی رابردوودا، ھەر ھەنگاوێکمان ناوە بۆ نەھێشتنی جیاوازیی پێشکەوتن لە نێوان شارەکانماندا، ھەمیشە رێکخراوی جوداخواز و درێژکراوە سیاسییەکانی رووبەڕوومان بوونەتەوە''.
ئەردۆغان، ئاماژەی بەوە کرد کە ھەوڵدەدەن تەواوی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە رۆژئاوای تورکیا ھەن بگوێزینەوە بۆ رۆژھەڵاتی وڵاتەکە و گوتی، "وێڕای ئەو ئاستەنگانەی رێکخراوی تیرۆریستی و پشتیوانەکانی لەبەردەممان دروستی دەکەن، سەرکەوتوو بووین لەوەی ئەم خزمەتگوزارییان بخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە".
ئەردۆغان، گوتیشی "وەڵامی ئێمە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت کۆسپ لەبەردەم خزمەتگوزارییەکانمان دروست بکەن، ھەمیشە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری زیاتر بووە بە وڵاتەکەمان".
ئەردۆغان، جەختی لەوە کردەوە کە لە پرۆژەکاندا، لە خۆرھەڵات و باشووری خۆرھەڵاتی ئانادۆڵو، لە پاڵ سەختی ناوچەکە، رووبەڕووی خراپەکارییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازیش دەبنەوە و گوتی "سەرکەوتووبووین لەوەیە لە ماوەی ١٩ ساڵی رابردوودا بە ئەندازەی مێژووی کۆماری تورکیا، کاری وەبەرھێنان بکەین، بەتایبەت لە خزمەتگوزارییەکانی کەرتی ھاتوچۆ و گەیاندندا ژمارەی پێوانەییمان تۆمار کرد".
سەبارەت بە ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، گوتی "ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا، چ لەلایەن راگەیاندنەکانی رۆژئاوا و چ لە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیھانی وەک نموونە نیشان دەدرێت".
لە بارەی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆناوە، ئەردۆغان، گوتی "لە کاتێکدا زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیھان تا ئێستا ڤاکسینیان پێنەگەیشتووە، ئێمە ٢٠ ملیۆن دۆز ڤاکسینمان بە ھاووڵاتییانمان داوە".
ئەردۆغان، گوتیشی ''ھەل نادەینە پاوانخوازان وڵاتەکەمان راپێچی پشێوی و قەیران بکەن''.