14 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "وەک باوباپیرەنمان گوتوویانە، ئەوەی زوو بەخەبەر بێت رێگا دەدۆزێتەوە. ئێمە هیچ کات پارتێک، گرووپێک نەبووین و نابین کە تەنیا بۆ هەڵبژاردن بچینە بەر دەرگای هاووڵاتییانمان".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، گوتارێکی پێشکەش کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ پەرلەمانتاران خواست لە کارەکانیاندا.
سەرکۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨، بیست و حەوتەمین کارەکانی خولی یاسادانان بەشێوەیەکی بەسوود درێژەی هەیە و گوتی: "پەرلەمانەکەمان تا ئەمڕۆ گفتوگۆی کردووە لەبارەی ١٨٨ داواکاری یاسایی و پەسەندی کردوون. ئەو داواکاریانەش ١٠٨یان پەسەندی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە، ١٧ یاسای رێگەپێدانی ئەنجامدانی چالاکی لەبارەی ئەرکدارکردنی سوپای تورکیا لە دەرەوەی وڵات لە پەرلەمانەکەماندا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و پەسەند کراوە. راپۆرتەکانی چاودێری گشتییش لەنێو ئەو بابەتانەن کە لە ئەنجوومەنی گشتییدا گفتوگۆیان لەسەر کراوە. ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان کە ئەندامانی دەستەی باڵای رادیۆ و تەلەڤیزیۆن، دەستەی پاراستنی زانیاریە کەسییەکان، دەستەی دادوەران و دواکارانی گشتیی هەڵدەبژێرێت، سەرۆکی نوێی دادگای تایبەت بە دارایی و بازرگانیی (سایشتای)-ش هەلدەبژێرێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە دوو بڕیاری جیا لەبارەی یازدەهەمین پلانی گەشەپێدان کە سەردەمی ٢٠١٩-٢٠٢٣ دەگرێتەوە و گۆڕانکاری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە ئەنجوومەنی گشتیی پەسەندکراون و رایگەیاند "زیاتر لە ٣١ هەزار پێشنیازی پرسیاری نووسراو لە چوارچێوەی چالاکییەکانی چاودێری وەڵام دراونەتەوە و لەژێر رۆشنایی ئەو پێشنیازانەی لەلایەن پەرلەمانتارانمانەوە پێشکەش کراون، ١٠ لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە، شەش راپۆرتی ئەو لیژنانە لە ئەنجوومەنی گشتیی گفتوگۆیان لەسەر کراوە و بە کۆتا گەیشتوون و کارەکانی لیژنەکەش لەبارەی چوار راپۆرتەکەی دیکە درێژەی هەیە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەو کارە سەرکەوتووانە لە چوارەمین ساڵی یاسادانانی بیست و تەوتەمین خولی یاسادانان درێژەی هەیە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "داواتان لێدەکەم (پەرلەمانتاران) کاتێک پەرلەمان چووە پشووەوە لە شارەکانی خۆتاندا پەیوەندی بە هاووڵاتییانی هەموو چینەکانەوە بکەن. وەک باوباپیرەنمان گوتوویانە، ئەوەی زوو بەخەبەر بێت رێگا دەدۆزێتەوە. ئێمە هیچ کات پارتێک، گرووپێک نەبووین و نابین کە تەنیا بۆ هەڵبژاردن بچینە بەر دەرگای هاووڵاتیانمان. نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە هەر بوار، شوێن و بابەتێک بە بەتاڵی جێمانهێشت لایەنی بەرامبەر بە شەپۆلی درۆ و هەڵبەستنی قسە پڕیکردووەتەوە. رووبەڕوو لەگەڵ هاووڵاتییانمان کۆدەبینەوە ئەو کارانەیان بۆ باس دەکەین کە تا ئەمڕۆ کردوومانن، ئێستا دەیانکەین و لەمەودوا ئەنجامیان دەدەین بۆ ئەوەی ئەو شەپۆلی درۆ و قسە هەڵبەستراوانە پێش دەستپێکردنیان تەواوببن".