Güç Gönel,Berk Özkan
28 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2020
ئیستانبوڵ - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، جێمس جیفری و شاندی یاوەری کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە کە لە کۆشکی مابین دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەچوو، لە میانیدا تاوتوێی پرسەکانی سووریا بە تایبەتی ئیدلب، کارەکانی کۆمیتەی دەستوور، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پەنابەران و پێشھاتەکانی ناوچەکە کرا.
لە کۆبوونەوەکە کە ماوەی کاتژمێرێک و ٣٠ خولەکی خایاند، ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای ئیدلب و جەخت لەسەر پێداگری تورکیا لە پاراستنی ژینگەی دوور لە پێکدادان کراوەتەوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا لایەنەکان ھاوڕابوون لەسەر خێراکردنی کارەکانی کۆمیتەی نووسینەوەی دەستووری سووریا، پێکھێنانی ژینگەیەکی دادپەروەرانە و سەربەخۆ بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بەپێی خواستی خۆیان.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پشتیوانی دارایی و سەربازیی و سیاسی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی سووریا جێگەی قبوڵ نییە و ئەوەش بە ئەمریکا راگەیەندراوە کە پێویستە بەرەنگاری ھاوبەش لە دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بە تایبەتی داعش، پەکەکە،پەیەدە،یەپەگە ئەنجام بدرێت.