Abdullah Shukur
29 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە
بەمەبەستی وەرگرتنی ئیفادەکەی لە چوارچێوەی دۆسیەیەکدا کە لە دیاربەکر لەدژی کراوەتەوە و دوای ئەوەی کە ئاگادارکراوەتەوە و نەچووە بەدەم داواکاریی دادگاوە، گوتەبێژی ھەدەپە و پەرلەمانتاری قەرسی پارتەکە، ئایھان بیلگەن لە چوارچێوەی بڕیاری ''راپێچکردنی زۆرەملێ''دا لە ئەنقەرە دەستبەسەرکرا و پاش لێکۆڵینەوەکانیش لەلایەن دادگا بڕیاری ئازاد کردنی درا.
دوای ئەوەی کە ھەمواری دەستوور سەبارەت بەھەڵگرتنی پارێزبەندیی یاسایی پەرلەمانتاران لە رۆژنامەی فەرمییدا بڵاوکرایەوە، لێکۆڵینەوە لەو سکاڵایانەی لەدژی پەرلەمانتاران تۆمارکراون، درێژەی ھەیە.
لەو میانەیەدا و سەرەڕای ئاگاداکردنەوەی بەمەبەستی وەرگرتنی ئیفادەکەی لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی لەدیاربەکر لە چوارچێوەی دۆسیەیەکدا کە لە دژی کراوەتەوە، ئایھان بیلگەن نەچووە بەدەم ئاگادارکردنەوەکەوە، ھەربۆیە لە چوارچێوەی بڕیاری ''راپێچکردنی زۆرەملێ'' و بەمەبەستی وەرگرتنی ئیفادەکەی لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئەنقەرە، لە کاتێکدا دەیویست بەرەو ئیستانبوڵ بفڕێت، بیلگەن دەستبەسەرکرا.
لە دوای وەرگرتنی ئیفادەکەی لە لایەن داواکاری گشتییەوە، بیلگەن بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی رەوانەی دادگا کرا.
دادگا بڕیاری ئازادکردنی بە مەرچی چاودێری دادیی بۆ بیلگەن دەرکرد.