لەندەن
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ویلیەم ھێگ گەیشتە تورکیاو بڕیارە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا داودۆغڵو بەشداربن لە مەراسیمی یادکردنەوەی قوربانیانی تەقینەوەکەی قونسوڵخانەی بەریتانیا لە ئیستەنبوڵ.
رۆژی سێشەممە ١٩ی تشرینی دووەم، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەسەر ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردۆتەوە: سبەی بۆ یادکردنەوەی ھەموو قوربانیانی تەقینەوەکەی ١٠ ساڵ لەمەوبەری کونسوڵخانەکەمان لە ئیستەنبوڵ، بە ئینگلیزو تورکەوە، دەچمە وڵاتی تورکیا.
ھێگ، سەرەتا لەگەڵ ئەحمەد داودۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداریی مەراسیمی یادکردنەوەی قوربانیانی تەقینەوەکەی کونسوڵخانەی بەریتانیا لە ئیستەنبۆڵ دەکەن.
پاش مەراسیمەکە ھەردوو وەزیری دەرەوە کۆدەبنەوەو ھەماھەنگی بەریتانیاو تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ دەکەن.
ھەروەھا باس لە گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی تورکیا بە یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ چەند پرسێکی دیکە دەبنە بەشێکی دیدارەکە.
رۆژی ٢٠/١١/٢٠٠٣ لەبەردەم تەلاری کونسوڵخانەی بەریتانیا لەشاری ئیستەنبوڵ، ئوتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو تەقێنرایەوەو ٣٠ کەس تێیدا گیانیان لەدەستداو زیاتر لە٦٠ کەس برینداربوون.