ئەنقەرە
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی دانیمارك مۆگەنس لەی كەتۆف و شاندێكی لەگەڵی كۆبوویەوە.
جەمیل چیچەك لەو دیدارەدا گوتی: "پەكەكە ھێشتا لە توركیا چالاكی نایاسایی ئەنجامدەدا، رێگا دادەخا و خەڵك دەرفێنێ و ئەگەر دەرفەتی دەستكەوێ ئەوا ھێرشی سەربازیش ئەنجامدەدا. تەنیا دوێنێ سێ قوتابخانەیان سووتاند ئایا لەمەوە دڕندانەتر شتێكی دیكە دەبێ ؟ ئەگەری ئەوە ھەبوو لەوێ منداڵە قوتابییەكان گیانیان لەدەستدابا. بە ھۆی شەڕی پەكەكە لە دژی تیرۆریستانی داعشەوە وڵاتانی ئەوروپا وردە وردە خەریكە دەبنە دۆست ولایەنگری پەكەكە، پشت بەخوا وڵاتانی خۆرئاوایی متمانە بەو جۆرە شتانە ناكەن چونكە پەكەكە ھێشتا ھەر رێكخراوێكی تیرۆریستییە. ئێمە وەكو توركیا لە دژی ھەر جۆرە تیرۆر و رێكخراوێكی تیرۆریستین جا با رێكخراوێكی ئەتنیكی بێ یان رێكخراوێكی ئاینی، چونكە توركیا لە دەستی رێكخراوە تیرۆریستییەكاندا زۆری كێشاوە و رەنگە تاقە وڵات بێ لە جیھان كە ئەوەندە ئێشی بەدەستی تیرۆریستان كێشاوە بۆیە لە دژی ھەر جۆرە تیرۆر و رێكخراوێكی تیرۆریستییە."
جەمیل چیچەك ھەروەھا گوتی: "پێویستە كۆمەڵگەی جیھانی زۆر بە باشی ھەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی عێراق و سوریا بكات و نابێ ھەڵەكانی رابردووی دووبارە بكاتەوە و پێویستە كۆمەڵگەی جیھانی ھەڵوێستێكی روون و ئاشكرای لە بەرامبەر رێكخراوە تیرۆریستییەكاندا ھەبێ."
جەمیل چیچەك گوتی: "دەزانم كۆمەڵگەی جیھانی چاوەڕوانییەكی زۆر گەورەی لە توركیا لە بەرامبەر سوریا و عێراقدا ھەیە پێویستە هەموو تاكێك خۆی بخاتە شوێنی توركیا و ئینجا چاوەڕوانی ھەڵوێستێك لە توركیا بكات. بەو جۆرە كە لە دوورەوە دەبینرێ رووبەرووی كێشەیەكی بچووك نەبووینەوە، پرسەكە زۆر ئاڵۆز و نالەبارە، ئەوانەی كە دەڵێن با توركیا وا بكات و وا نەكات، بەبێ ئەوەی خۆیان بخەنە شوێنی توركیا چاوەڕوانی ھەڵوێست لە توركیا دەكەن."
چیچەك باسی رێژەی ئەو ئاوارە سوری و عێراقییانەی كرد كە بە ھۆی ئەو ئاڵۆزییانەوە روویان لە توركیا كردووە و گوتی: "لە ئێستادا نزیكەی یەك ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئاوارە لە توركیایە، كاتێك لە دەرەوەی سەیری ئەو پرسە بكەین تەنیا وەكو پرسی ئاوارەكان بەرچاو دەكەوێ، بەڵام بۆ توركیا چەندین كێشەی جیاجیای لەگەڵ خۆیدا ھێناوە، لە بواری ئەمنی، ئابووریی و چەندین كێشەی دیكەی بۆ توركیا دروست كردووە، ئایا ئەگەر 1 ملیۆن و 500 هەزار كەس ئاوارە رووی لە وڵاتانی ئەوروپایی كردبا ئەوا چەند جۆرە كێشەیەك سەری ھەڵدەدا ؟ بۆیە پێویستە وڵاتانی جیھان زۆر بە باشی ھەست بەو رەوشە بكەن كە توركیا تەیدایە، لە بوارە جیاجیاكاندا كەناڵەكانی راگەیاندن بە تایبەتی میدیاكانی ئەمریكا لە نووسینەكانی خۆیاندا باسی ئەوە دەكەن كە دەبێ توركیا وا بكا و وا نەكا، با بێن خۆیان لە شوێنی توركیا دابنن و ئینجا ئەو شتانە بنووسن و داوای ھەڵوێست لە توركیا بكەن. چونكە كاتێك لەو بوارەدا شتێك دەنووسن یا ھەڵسەنگاندن دەكەن ناحەقی دەرحەق بە توركیا دەكەن.