دەنیزلی
دیلەک کاترانجی کچێکی تەمەن ٢٥ ساڵانە، یەکەم منداڵ بوو لەتورکیا بەشێوەی بلووریی لەدایکبوو، دایک و باوکی دیلەک ١٧ ساڵ چاوەڕوانی لەدایکبوونی منداڵێک بوون تا دواجار بەڕێی بلووریی منداڵێک چووە نێو خێزانەکەیان.
دوێنێ ھەینی دیلەك لەگەڵ (خەلیل ئاکار) زەماوەندی ھاوسەرگیریی گێڕا، خزمانی بووک و زاوا لە ھۆڵی ئاھەنگگێڕان بەگۆڤەند و ھەڵپەڕکێ زەماوەندەکەیان رازاوەتر کرد.
بووکەخان بەر لەھاوسەرگیرییەکەی قسەی بۆ AA کردو گوتی " زۆر خۆشحاڵم بەوەی خەیاڵەکەم بووە راستی، ھاوسەرەکەم سەرەتا نەیدەزانی من منداڵێکی بلوورییم. دوای ئەوەی بۆم درکاند، زۆر خۆشحاڵبوو کە من یەکەمین مناڵی بلوورییم لە تورکیا. بەھۆی پێشکەوتنی زانستی پزیشکی ھەزاران منداڵی بلووریی لەدایکبوون ھەموویان تەندروستن، بە پشتیوانی خوا خوازیارم ببمە دایک. ئەگەر نەشبێ بیر لە شێوازی منداڵی بلووریی دەکەمەوە".
خەلیل ئاکاری زاوایش دەڵێ زۆر بەختەوەرە بەوەی لەگەڵ یەکەمین منداڵی بلووریی ھاوسەرگیری کردووە" سەرەتا کاتێ دیلەکم ناسی نەمدەزانی ئەو مناڵی بلوورییە. بێگومان ەو منداڵانەیش مرۆڤی بەھەستن، بۆ من شتێکی زۆر خۆشە".
تورکای کاترانجی، باوکی بووکێ گوتی:" دوای ١٨ ساڵ چاوەڕوانی، بوومە باوک. ئەوەندە خۆشحاڵم کە ناتوانم پێناسەی بکەم، زۆر خۆشحاڵم بەوەی کچەکەم دەچێتە سەر ماڵ و حاڵی خۆی".