دۆحە - AA
ئەرجەنتین کە وەک یەکێک لە گەورەترین پاڵێوراوانی پاڵەوانێتیی مۆندیالی ٢٠٢٢ دەبینرێت، سبەی لە یەکەم یاریی قۆناغی کۆمەڵەکاندا، رووبەڕووی هەڵبژاردەی سعوودیە دەبێتەوە.
یارییەکە کاتژمێر ١٣:٠٠ بەکاتی هەرێمی کوردستان لە گەورەترین یاریگای پاڵەوانێتییەکەدا کە شوێنی هەشتا هەزار هاندەری تیادا دەبێتەوە دەست پێ دەکات و لەلایەن ناوبژیوانی سلۆڤینی، سلاڤکۆ ڤینچیچ بەڕێوەدەبرێت.
دوو هەڵبژاردەکە بۆ جاری پێنجەمە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و ئەرجەنتین لە دوو یاریدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و دوو یاریش بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە.
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، مەکسیک و پۆڵەندا لە یاریگای ٩٧٤ شەڕ بۆ بەدەستهێنانی ٣ خاڵ دەکەن.
- ئەرجەنتین لە دوایین ١٣ یاری قۆناغی کۆمەڵەکانیدا تەنها یەک جار شکستی خواردووە
ئەرجەنتین کە لە مۆندیالی ساڵی ١٩٧٤ی ئەڵمانیاوە بەشداری لە هەموو مۆندیالەکاندا کردووە لە دوایین ١٣ یاری قۆناغی کۆمەڵەکانیدا تەنها یەک جار شکستی خواردووە.
"یاریزانانی تانگۆ" کە لەئێستادا، هەڵبژاردەکەیان لە پۆلێنبەندی سێیەمینی فیفادایە، بەوە جیادەکرێنەوە کە بەخێرایی دەست بە یاری دەکەن و ئاستێکی بێ وێنە لە نیوەی یەکەمی یارییەکاندا نیشان دەدەن.
ئەرجەنتین کە ساڵی رابردوو بە ئەنجامی ١-٠ لە بەڕازیلی بردەوە و جامی ئەمریکای بەدەست هێنا لە نیوەی یەکەمی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا نۆ جار تۆڕی رکابەرەکانی هەژاندووە بەبێ ئەوەی گۆڵی لێ تۆمار بکرێت، چوار لەم گۆڵانە لە ١٥ خولەکی سەرەتای یارییەکەدا بووە.
- مێسی هەوڵ دەدات ریکۆردەکەی ماتیۆس بشکێنێت
ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لیۆنێل مێسی هەوڵ دەدات لە مۆندیالی ٢٠٢٢دا، ژمارەی پێوانەیی یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لۆتار ماتیۆس بشکێنێت کە زۆرترین یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی ئەنجامدابوو.
بەو پێیە ئەگەر بێت و مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەکەیدا، بگاتە قۆناغی پێش کۆتایی ئەم مۆندیالە، نزیک دەبێتەوە لە شکاندنی ریکۆردەکەی ماتیۆس.
مێسی کە تا ئێستا لە چوار مۆندیالدا، ١٩ یاری ئەنجامداوە ئەگەر لەگەڵ هەڵبژرادەکەیدا بگاتە یاری پێش کۆتایی ژمارەی بەشداریکردنی لە یارییەکاندا لەگەڵ ماتیۆس یەکسان دەکاتەوە. ئەگەریش بگاتە یاری کۆتایی یان دیاریکردنی پلەی سێیەم لەگەڵ تیپەکەی، ژمارەی پێوانەیی ماتیۆس دەشکێنێت، بەمەش دەبێتە ئەو یاریزانەی زۆرترین یاری لە مۆندیالدا لەگەڵ هەڵبژاردەکەیدا ئەنجامداوە.
- هەنگاو بە هەنگاو لە شکاندنی ریکۆردەکان نزیک دەبێتەوە
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کە راهێنەر لیۆنێل سکالۆنی سەرپەرشتیی دەکات، ئەگەر لە دوو یاری داهاتوودا دووچاری دۆڕان نەبێت، ریکۆردی ئیتاڵیا دەشکێنێت.
ئەگەر "یاریزانانی تانگۆ" کە ٣٦ یارییە تامی دۆڕانیان نەچەشتووە لە دوو یاری داهاتوودا بەرامبەر بە سعوودیە و مەکسیک دووچاری شکست نەبنەوە، ئەوا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمار دەکەن.
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لەنێوان تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ تا تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لەژێر سەرپەرشتیی راهێنەر رۆبێرتۆ مانچینی لە ٣٧ یاریدا تامی دۆڕانی نەکردبوو.