Emre Aytekin
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2020
ئەنقەرە- AA
خەڵاتی نۆبێل بۆ ئەمساڵ لە بواری کیمیادا، بەخشرایە هەر یەک لە ئەمانوێل شارپنتیە-ی فەڕەنسی و جێنیفەر دۆودنا-ی ئەمریکی.
ئەکادیمیای شاهانەی سوید لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو دوو زانایە بەهۆی ئەو بەرەوپێشبردنەی لە دووبارە پێکەوە بەستنەوەی شریتەکانی DNA ئەنجامیانداوە، خەڵاتی نۆبێلی کیمیایان پێبەخشراوە و کارەکانی ئەو دوو زانایە بە شۆڕش لە بواری بۆماوەزانیدا وەسفکراوە.
زانای فەڕەنسی، ئەمانوێل شارپنتیە چەند لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر بەکتریای "Streptococcus pyogenes" کرد و جۆرە ئاوێتەیەکی تیا دۆزییەوە کە تا ئێستا نەدۆزرابووەوە، ئەم ئاوێتەیە بەشێکە لە کۆئەندامی بەرگریی و ئەو ڤایرۆسانە لەناودەبات کە DNA لەت دەکەن، ئەم شێوە بەرگرییەش پێی دەگوترێت سیستمی "CRISPR/Cas".
شارپنتیە دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لە بارەی دۆزینەوەکەی لە ساڵی ٢٠١١دا، لەگەڵ زانای ئەمریکی جێنیفەر دۆودنا دەستی بە کاری تاقیگەیی کرد و دووبارە لە تاقیگەدا، ئاوێتەی "مقەستی بۆماوەی"ی بەکتریاکەیان دروست کردەوە.
دواتر ئەو دوو زانایە کاریان لەسەر دووبارە رێکخستنەوەی "مقەستی بۆماوەی"ی کرد و ئەوەیان سەلماند کە ئاوێتەکە دەتوانێت لە هەموو خاڵێکی شریتی DNAدا، رێگری لە لەتبوونی شریتەکە بکات. لە دوای ئەم دۆزینەوەیەش دەستکرا بە بەکارهێنانی سیستمی "CRISPR/Cas" لەسەر ئاستی جیهان.