Hemın Othman Mohammed
28 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2016
داهاتی فەیسبووك لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو لەسەدا 59 زیادی كردووە و گەیشتووەتە شەش ملیار و 44 ملیۆن دۆلار.
فەیسبووك كە یەكێكە لە گەورەترین ماڵپەڕەكانی تۆڕی كۆمەلایەتی لە جیهاندا، دوای داخستنی بۆرسەی نیویۆرك، ئاماری چارەكی دووەمی ئەمساڵی بڵاوكردەوە.
بەپێی ئامارەكە، فەیسبووك داهاتی چارەكی دووەمی ساڵی بڵاوكردەوە كە لە 30ی حوزەیرانی رابردوودا كۆتایی پێهاتووە و بریتی بووە لە شەش ملیار و 44 ملیۆن دۆلار. بەوەیش بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو كۆمپانیاكە بڕی چوار ملیار و چوار سەد هەزار دۆلاری بۆسەر داهاتەكەی زیاد كردووە.
فەیسبووك لە چارەكی دووەمی ساڵی رابردوودا، 719 ملیۆن دۆلار پوختەی قازانجی هەبووە. لە چارەكی دووەمی 2016شدا پوختەی قازانجی بەڕێژەی لەسەدا 186 زیاد كردووە و گەیشتووەتە دوو ملیار و پێنج سەد هەزار دۆلار.
هاوكات ژمارەی بەكارهێنەرانی چالاكی رۆژانە و مانگانەی فەیسبووك لە مانگەكانی نیسان، ئایار و حوزەیرانی ئەمساڵدا بەرز بوونەوەی بەخۆوە بینیوە.
لە چارەكی دووەمی 2016دا تێكڕای ژمارەی بەكارهێنەرانی چالاكی رۆژانەی فەیسبووك یەك ملیار و 13 ملیۆن كەس بووە، ئەو ژمارەیەش ساڵانە لەسەدا 17 زیادی كردووە و لەو كەسانەش یەك ملیار و سێ سەد هەزاریان لە ئامێری مۆبایلەوە فەیسبووكیان بەكارهێناوە.
هەروەها ژمارەی بەكارهێنەرانی چالاكی مانگانەی فەیسبووك لە هەمان قۆناغدا گەیشتووەتە یەك ملیار و 71 ملیۆن كەس، ئەوەیش بە بەراورد بە چارەكی دووەمی دوو ساڵ پێش ئێستا لەسەدا 15 زیادی كردووە، لەو كەسانەش یەك ملیار و 57 ملیۆنیان لە رێگەی ئامێری مۆبایلەوە فەیسبووكیان بەكارهێناوە.
لە راپۆرتی داراییدا ئاماژە بەوە كراوە كە داهاتی رێكلامی فەیسبووك لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە شەش ملیار و 24 ملیۆن دۆلار، ئەوەیش بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو لەسەدا 63 زیادی كردووە. ئەو داهاتە لە مانگەكانی نیسان، ئایار و حوزەیرانی ساڵی رابردوودا سێ ملیار و 83 ملیۆن دۆلار بووە.
لە كاتێكدا داهاتی رێكلام لە چارەكی دووەمی ساڵدا لەسەدا 84ی بە رێكلامی ناو مۆبایلەوە دەستكەوتووە، ئەو رێژەیە بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو لەسەدا 76 بووە.
دوای داخستنی بۆرسەی نیویۆرك، پشكەكانی كۆمپانیاكە لەسەدا 6.7 قازانجی كردووە. شیكاران باس لەوە دەكەن كە ئامارەكان لەسەرووی چاوەڕوانییەكانەوە بووە و ئەمڕۆ رەنگدانەوەی سەرەكی لەسەر پشكەكانی كۆمپانیكە دەردەكەون.