خانەقین
لەقەزای خانەقینی سەربە پارێزگای دیالە ژمارەیەك شوێنەوار بەبیانوی كشتوكاڵ كردن تێك دەدرێن، ئەو شوێنەوارانە دەگەڕێنەوە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم، شوێنەوارەكان بریتین لەچەندكۆشكێكی بچووك بەنێوی (ئەسپێر) كە سوپای رووسیا وەك سەنگەر بۆ سەربازەكانی بەكاری دەهێنان لەدژی سوپای عوسمانی.
لەدژی تێكدانی ئەم شوێنەوارانەش ژمارەیەك لەچالاكوانی مەدەنی قەزای خانەقین كەمپەینێكیان بەنێوی (ئیتر بەسە) راگەیاند بۆ پاراستنی شوێنەوارەكانی قەزاكە و ئاوڕدانەوەی بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان لەشوێنەوارەكانی خانەقین.
سەرپەرشتیاری هەڵمەتی ئیتر بەسە ئەمیر عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای دەستپێكردنی هەڵمەتی ئیتر بەسە و بەرفراوان بوونی لە ماوەیەكی زۆر كەمدا لە دژی تێكدانی شۆێنەوارەكانی خانەقین, لە ئێستادا هەڕەشەی جۆراوجۆر لە خۆم و هاوكارەكانم دەكرێت لە بەرامبەر دەست هەڵگرتنمان لەو هەڵمەتەی كە دەستمان پێكردووە".
ئەمیر عەلی گوتیشی: "داوا لە ئەندامانی كەمپەینی ئیتر بەسە كراوە لەو هەڵمەتە پاشگەز ببنەوە بەڵام خۆشبەختانە ئەندامانی كەمپەینەكە سوورن لەسەر بەردەوامی دان بە هەڵمەتەکەیان".
سەرپەرشتیاری هەڵمەتی ئیتر بەسە ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێمە بەڵێنی بەردەوام بوون لە هەڵمەتەكەمان دەدەین و كار بۆ فراوانتربوونی دەكەین و گوێ بەهیچ هەڕەشەیەك نادەین و داواش لە تەواوی هاوكارەكانم و زۆرێك لە بەشداربوان دەكەم با هەڕەشەكان كاریگەری لەسەریان نەبێت، چونكە ئێمە لە پێناو خەمی خەڵكدا كاردەكەین و بۆ خزمەتكردنی مێژووی قەزاكەمان هەولدەدەین".
ئەمیر عەلی ئاماژەی بەوەشدا کە لە ماوەیەكی كەمدا خانەقینیەكان بە زۆرینەی پێكهاتە و چین و توێژەكان لەنێوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان پشتگیریان بۆ هەڵمەتی ئیتر بەسە راگەیاندووە ".
بەڕێوەبەری شوێنەوای گەرمیان شكور محەمەد بۆئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەك بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان چەندین جار داوای هاوكاریمان لەئیدارەی گەرمیان كردووە بۆئەوەی بنكەی شوێنەوارمان هەبێت هاوشێوەی بەرێوبەرایەتیەكانی دیكەی گەرمیان چونكە شوێنەوارێكی زۆر لەخانەقین هەیە، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەبوو".
بەرێوەبەری شوێنەواری گەرمیان گوتیشی: "ئێمە سنووری دەسەڵاتمان تەنها لەباكوور و رۆژئاوای خانەقین هەیە و ناتوانین بەبێ بڕیاری سەرووی خۆمان شوێنەوارەكانی خانەقین تەلبەند بكەین".
قەزای خانەقین سەربە پارێزگای دیالەیە و یەكێكە لە ناوچەکانیكوردستان لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە سنووری مادەی 140، لەدیالەش 900 شوێنەوار بوونی هەیە كەزۆربەیان لەسنووری قەزای خانەقینە، زۆرێك لەوشوێنەوارانە بەهۆی نزیكی خانەقین لەسنووری ئێران لەكاتی شەڕی نێوان عێراق و ئێران لەساڵی هەشتاكانی سەدەی رابردوو تێكدراون.