Hemin Hüseyin
08 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2017
هەولێر-AA
کۆبوونەوەی هەر سێ لێژنەی کشتوکاڵ و سامانە سرووشتییەکان و تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە ئامادەبوونی هەریەک لە قایمقامی ناوەندی قەزای هەولێر بە وەکالەت، نەبەز عەبدولحەمید و بەڕێوەبەری شارەدێی قوشتەپە، رابەر ساڵح شێرە و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم، عەمید مشیر سەعید و بەرپرسی لێژنەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لە فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی، موقەدەم دیاری ئەحمەد، بەڕێوەچوو.
ئامانجی کۆبوونەوەکە وەک راگەیەنرا، تایبەت بوو بە کێشەی پاڵاوگەکان و هەبوونی ئەو بۆنە بێزارکەرەی کە ماوەیە لە بەشێکی لە شاری هەولێر هەستی پێدەکرێت و چەند جارێکیش هاووڵاتییان سکالاکانییان گەیاندووەتە لایەنی پەیوەنددار.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە نوێنەری پۆلیسی دارستان و ژینگە و لێژنەی نەهشێتنی زێدەڕۆیی لە فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی، راپۆرتی خۆیان خوێندەوە کە تایبەت بوو بە هۆکاری هەبوونی ئەو بۆنە ناخۆشەی کە ماوەیەکی زۆرە هەستی پێدەکرێت و هۆکارەکەیان بۆ خراپی کوالێتی گاز گەڕاندەوە کە ماوەیەکی زۆرە لەلایەن هەندێک لە پاڵاوگەکان و مۆلیدەکانی ناو گەڕەکەکانی شاری هەولێر بەکاردێت و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەو بۆنە ناخۆشە.
سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بە ئامانجی کۆبوونەوەکە کرد و رایگەیاند کە ئەوان پێشی دوو ساڵ بەدواداچوونییان بۆ ژمارەیەک پاڵاوگە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە هیچ پێوەرێکی یاسایی و تەندروستی نیە و ئەمەش بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتییان.
سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، دلێر حوسێن لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو بۆنەی ئێستا لە بەشێک لە شاری هەولێر بە تایبەت لە بەشی رۆژئاوای ئەو شارەبڵاوبووەتەوە، دیارە لە ئەنجامی کارکردنی کۆمەڵێک پاڵاوگەی نایاساییە کە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەیە، دوای ئەوەی سکاڵای ژمارەیەک هاووڵاتییانمان بەدەست گەیشت، بۆیە پێمان باش بوو بانگهێشتی لایەنی پەیوەنددار بکەین، چونکە ئێمە پێشی دوو ساڵ بەدواداچوونێکمان بۆ ژمارەیەک پاڵاوگە کرد کە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە هیچ بنەمایەکی زانستیی و یاسایی و تەندروستییان نیە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەو حاڵەتە کۆنتڕۆڵ بکرێت".
دلێر حوسێن گوتیشی: "نزیکەی ١٣٠ پاڵاوگە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەیە، لەم کۆبوونەوەیەشدا قایمقامی ناوەندی هەولێر بەوەکالەت ئاماژەی بە داخستنی ٢٠ پاڵاوگە کرد، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە ئەمە ژمارەیەکی کەمە و پێویستی بە بەدواداچوونی وردتر هەیە".
سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشکرایشی کرد کە لەیەکێک لە سەردانەکانیان هەستییان بە ژەهراوی بوونی ئەو گازە کردووە کە راستەوخۆ کاریگەری ترسناکی لەسەر ئاژەڵیش هەبووە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بە دڵنیاییەوە بەکارهێنانی ئەو پاڵاوگانە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاژەڵ و کەرتی کشتوکاڵیش دەبێتەوە، لە یەکێک لە سەردانە مەیدانییەکانمان بۆ گوندەکانی نزیک هەولێر، یەکێک لە مەڕدارەکان بە هانامانەوە هات و گوتی لە کاتی ئاو خواردنەوە ژمارەیەک لە ئاژەڵەکانمان مرداربوونەتەوە بەهۆی پیسی ئاوەکە".
دوای کۆبوونەوەکەش، قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەولێر بە وەکالەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئاماژەی بە وردەکارییەکان کرد.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە وەکالەت، نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "ئامانجی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆمان بۆ ئەوە بوو کە بزانین لە ماوەی رابردوو توانیوومانە چی بکەین سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەو بۆنە ناخۆشەی کە بەشێک خەڵکی ناو شاری هەولێر و دەوروبەری هەراسان کردووە، بۆیە داتا و زانیارییەکانمان خستەڕوو، بۆمان روونکردنەوە کە چەند پاڵاوگە لە سنووری هەولێر هەیە، چونکە نزیکەی ٢٠٠ پاڵاوگە لە کوردستان هەیە و لەو ژمارەیەش ١٢٠ پاڵاوگەیان لە سنووری پاریزگای هەولێرن، پێش ساڵی ٢٠١٤ ئەو پاڵاوگانە بە رێژەیەکی کەم هەبوون بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییەکانی خەڵک دابین بکەن، ئەوانیش دوو پاڵاوگە بوون و توانیوویانە پێداویستییەکانی خەڵک پڕ بکەنەوە".
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: "لەکارتی سەرهەڵدانی ئەو بۆنە چەند لێژنەیەکمان پێکهێنا و بڕیارماندا لە سنووری پارێزگای هەولێر هیچ پاڵاوگەیەک رێگەی پێ نەدرێت و تاوەکو ئێستا ٢٣ پاڵاوگە داخراون و بە نووسراوێک رەوانەی داواکاری گشتییمان کردوون بۆ ئەوەی رێککارە یاساییەکانییان لەگەڵدا بکرێت، جگە لەوەش هۆکارێکی دیکەش هەبوو ئەوانیش ئەو مۆلیدەکانن کە هەمان ماددەی بەکاردەهێنن، لە کاتژمێر ٦ی ئێوارە تا ١ ی شەو کە ژمارەیان نزیکەی هەزار مۆلیدەیە و ئەمەش جۆرە غازێک دروست دەکەن کە هەمان بۆن دروست دەکات و لەماوەی رابردووشدا ٣٦ هەزار لتر گاز دەستی بەسەردا گیراوە کە ببوونە هۆی دروستبوونی ئەو بۆنە ناخۆشە و لەو چوارچێوەیەشدا ٢٤ مۆلیدە سزادراون".