Heman Hussein Yaseen
20 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە ئەنفلەوەنزای بەراز ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ ئەنفلەوەنزای وەرزیی و جەختیش دەکاتەوە کە حاڵەتێکی ترسناک رووینەداوە و ئاشکرایشی دەکات کە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە دەست پێدەکات.
وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ساڵانی رابردوو، لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەنفلەوەنزای بەراز بە فەرمیی گۆڕدرا بۆ ئەنفلەوەنزایەکی وەرزیی، بۆیە هەموو ئەنفلەوەنزایەک ساڵانە لە وەرزی پاییزدا هەیە، ئەو ئەنفلەوەنزایە ترسناکی هەیە بۆ چەند کەسانێکی وەکو منداڵێکی نەخۆش یان ئەو پیر و پەککەوتانەی هێزی بەرگریی لەشیان کەمە، ئەوانە ئەگەر چاودێری پزیشکییان لەسەر نەبێت ترسناکە، ئەگەر نا ئەنفلەوەنزایەکە ئاساییە و وەرزییە و رێنماییمان بڵاوکردووەتەوە و بڕێکی باشی پێکووتەی ئەنفلەوەنزای وەرزی گەیشتووەتە هەرێم و تووشبووان دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بۆ ئەوەی پێکووتەکە وەرگرن".
سامان بەرزنجی گوتیشی: "ڤایرۆس سنووری نییە، بەڵام کۆمەڵێک رێکار هەیە کە نەخۆشخانەکانمان راسپاردووە و لە رۆژانی داهاتووشدا دەست بە هەڵمەتێک دەکەین بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان".
ئەگەرچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێیەوە، ماوەی دە رۆژ پشووی فەرمیی لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت راگەیاند، بەڵام وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە نەخۆشخانە و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوە دەبن و پێشی وایە ژمارەی سەردانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکان لە پشووەکاندا زیاترە لەچاوە رۆژانیی ئاسایی.
لەبارەی پشووەکانی سەری ساڵەوە، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە پشووەکاندا ئەرک و ماندووبوونی کارمەندانی تەندروستی زیاتر دەبێت تەنانەت ژمارەی سەردانەکان بۆ فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان زیاتر دەبێت و هەموو ساڵێک ئامادەکاری تایبەت دەکەین چونکە ناکرێت هەندێک خزمەتگوزاری ماوەی یەک هەفتە دابخرێت، بۆیە نەخۆشخانەکان، نۆرینگە دەرەکییەکان، کۆگاکانی دەرمان، نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە و هەموو ئەوانە لەسەر هێڵ دەبن و لیژنەی چاودێریکردنیش سەردانی شوێنەکان دەکات لە کەموکوڕییەکان دەپێچێتەوە".