Hawkar Yaseen
12 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2020
هەولێر AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، 566 تووشبووی نوێ لە پارێزگاکانی هەرێم تۆمارکراوە کە بەرزترین ژمارەیان لە پارێزگای هەولێرە و 389 کەسن، دوای ئەو پارێزگای دهۆک پلەی دووەمی گرتووە بە 69 تووشبووی نوێ و لە پارێزگای سلێمانی-یش 54 کەس و گەرمیان 27 تووشبوو، تۆمارکراوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 164 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و 16 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی تاوەکو ئێستا، 18 هەزار و 766 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون، لەو ژمارەیەیش 10 هەزار و 644 کەسیان چاکبوونەتەوە و 686 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ئێستا حەوت هەزار و 463 تووشبوو ماون کە لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.