Hawkar Yaseen
16 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٣٨ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زۆرترین ژمارە لە دهۆک بووە بە ١٤١ تووشبوو، ٤٤ لە هەولێر، ٤٩ لە سلێمانی، دوو لە گەرمیان و دوو کەسیش لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٠٩ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە کە زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ١٦٦ کەس، ١١٨ لە هەولێر، ١٢ لە سلێمانی، نۆ لە گەرمیان و چوار کەسیش لە هەڵەبجە چاکبوونەتەوە.
هەروەها لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١١ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، حەوت کەس لە سلێمانی، سێ کەس لە دهۆک و یەک کەسیش لە راپەڕین.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، ٨٧٨ هەزار و ٦٩٧ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا، ١٠٠ هەزار و ٩٥٧ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە.
لەو ژمارەیەش تا ئێستا، ٦٥ هەزار و ٥٩٢ کەسیان چاکبوونەتەوە و ٣٢ هەزار و ٥١ کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.
تا ئێستا سێ هەزار و ٣١٤ کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.