Heman Husseın Yaseen
30 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی و رێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆبوونەوەیەکیان لەبارەی پەیدابوونی ئەنفلۆنزای وەرزی ئەنجامدا و دواتر رایگەیاند کە ٢٠ حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای وەرزی تۆمارکراوە و سێ هاووڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەنفلۆنزای وەرزی گیانیان لەدەستداوە.
سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکرد کە ٢٠ حاڵەتی ئەنفلۆنزای وەرزی (H1N1) لە کوردستان تۆمارکراون و سێ هاووڵاتیش کە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەنفلۆنزاوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەنفلەۆنزای بەراز چەند ساڵێکە نەماوە، ئەوەی ئێستا هەیە ئەنفلۆنزای وەرزییە کە پێێ دەڵێن H1N1 و دوای دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ئەو ئەنفلۆنزایەش، بەدواداچوونمان کردووە و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتی لە پارێزگاکان، پێداگیری ئەوەکراوە کە پێویستە و دەبێت هەڵمەتی خۆپارێزی بەرفراوان دەست پێ بکرێت، چونکە ڤایرۆسێکە لە ھەواوە لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە ئەوەیش ئەنفلۆانزەی وەرزیە و بەراز نییە و مرۆڤی تووشبوو دووچاری ھەوکردنی بەشی سەرەوەی جەستەی واتا سییەکانی دەبێت و کێشەی هەناسەدانیان بۆ دروست دەبێت".
سامان بەرزنجی گوتیشی: "سێ جۆر ھەنگاومان ناوە بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوەیە ئەوانیش لە ئاستی کارگێریدا، ژووری کردەیی تەندروستی پێکھێنراوە و بۆ خۆپارێزی و چارەسەریش شوێنی جیاکراوە بۆ ئەو نەخۆشیە ھەیە، دوو جۆر رێنمایی دابەشکراوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکان و هاووڵاتییانیش".
وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو کە هیچ هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان بەم ئەنفلۆنزایە گیانی لەدەست نەداوە، بەڵام سێ هاووڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەکاتی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و گوتی: "هیچ هاووڵاتییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەنفلۆنزای وەرزییەوە گیانی لەدەست نەداوە، بەڵام سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووەکە ئەوانیش هاووڵاتییانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون و هەڵگری ڤایرۆسەکەش بوون، لەمیانی سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان گیانییان لەدەستداوە کە ئەوانیش یەکێکیان خەڵکی مووسڵ و ئەوەی دیکەش خەڵکی شەرگات و یەکێکی دیکەش خەڵکی سووریا بووە".
وەزیری تەندروستی باسی لەوەیشکرد کە ئەوانەی کە تووشی ئەم ئەنفلۆنزایە دەبن دەبێت خۆیان دووربگرن لەناو خەڵک و نەچنە شوێنە گشتییەکان و بێتاقەتی و تای بەرز لە نیشانە گرنگەکانی ئەو ڤایرۆسەن و لە ناوەندە تەندروستییەکان پێکوتەی پێویست دابینکراوە بۆ ھەرسێ جۆر ڤایرۆسی وەرزی، ھاووڵاتییان و ئافرەتانی دووگیان دەتوانن وەریبگرن و راشیگەیاند کە دەرمانی پێویست بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکان دابینکراوە.