Heman Hussein Yaseen
20 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2023
هەولێر - AA
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان شەش رێککاری بەپەلە و گرنگی بۆ رێگریکرن لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەرکرد و داوای کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی دەکات.
رێککارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بریتیین لەوە کە پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێتێرنەری بچێتە بازاڕەوە، سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر رێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.
هەروەها لە رێککارەکان ئاماژە بەوەکراوە کە دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە، هاوکات پێویستە رێژکارە تەندروستییەکان بە پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا ڕەچاو بکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەشکردووەتەوە کە کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فرۆکەخانەکاندا، پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە وەزارەتەکە رێککاری پێویست دەگرێتە بەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوە دووپاتکراوەتەوە کە کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی و لە سنوورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها رێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاوبووەتەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ جگە لە دەرکردنی چەند رێککارێک بۆ رێگری لە پەرەگرتنی ئەو نەخۆشییە، هانی هاووڵاتییان و گۆشتفرۆشانیش دەدات خۆیان بپارێزن و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.