Abdullah Shukur
23 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2016
شەڕ و پێکدادانی نێوان ھێزەکانی سەر بە پەیەدە و رژێمی سووریا لە شارۆچکەی قامیشلوی سەر بە حەسەکە راگیرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەکانی ئاسایش وەرگیراون، بەھۆی شەڕ و پێکدادانی ھەردوو لا، بەرپرسانی باڵای رژێم و بەرپرسانی پەیەدە کۆبوونەتەوە.
سەرچاوەکان راشیانگەیاند کە لە دوای کۆبوونەکەوە پەیەدە بڕیاری ھەڵگرتنی گەماڕۆی سەر بیناکانی ھەواڵگری سەر بە رژێمی لە ناوەندی شارۆچکەی قامیشلو داوە و شەڕ و پێکدادانەکانیش راگیراون.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە تا ئێستا ھیچ کام لە لایەنەکان روونکردنەوەیان نەداوە.
لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکان، حەوت چەکداری سەر بە ھێزەکانی پەیەدە و ١٣ سەربازی رژێمیش کوژراون.
ھێزەکانی سەر بە پەیەدە و رژێم بەھاوبەشی شارۆچکەی قامیشلی و حەسەکە بەرێوەدەبەن. ھاوکات پەیەدە باج بە رژێمی سووریا دەدات و لە بەرامبەر ئەمەش رژێمی ئەسەد کاروباری دامەزراوەکانی حکوومەت بەرێوە دەبات . فەرمانبەرانی سەر بە رژێم ھەروەکو پێش ساڵی ٢٠١١ کارەکانیان بەردەوامە. باجی بەشێک لە ناوچەکانی حەسەکە لە لایەن پەیەدە و رژێم دابەش دەکرێت. زۆربەی کات ھێزەکانی سەر بە رژێم و ھەورەھا سەر بە پەیەدە بە ھاوبەشی شاری حەسەکە دەپارێزن. لە پاڵ ئەمەش کێڵگەی نەوتی رومەیلانی باکووری رۆژھەڵاتی حەسەکە کە لە ژێر کۆنترۆڵی پەیەدە دایە، لە لایەن ھێزەکانی ئەسەد و پەیەدە پارێزگاری لێدەکرێت و بەشێکی لە نەوتی دەرھێنراویش بە رژێمی ئەسەد دەدرێت.