Ramal Mahmood
07 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2016
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما لەدوا گوتاری خۆیدا لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی، داکۆکی لە ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کردەوە وگوتی:" پێداگرم لەسەر ئەوەی رەوانەکردنی هێزەکانمان بۆ ئەو شوێنانەی لەوپەڕی جیهان بوونەتە مۆڵگەی تیرۆریستان و چارەسەرکردنی پێکدادانانی ناوخۆیی نائەقڵانییە و درێژەی پێنادرێت. لەبری ئەمە، ئێمە بە مکوڕییەوە کاری لپێشینەمان کردووەتە بەرەنگاربوونەوەی ئەلقاعیدە و داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە".
باراک ئۆباما دوا گوتاری لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی لەبنکەی ئاسمانیی ماک دیل لەشاری تامپای سەربە ویلایەتی فلۆریدا پێشکەشکرد، کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتییەکانی ئەمریکا و فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی میوانداریی دەکرا.
ئۆباما تیشکی خستەسەر ئەوەی کە لەو رۆژەی وەک سەرۆکی ئەمریکا دەست بەکاربووە، رێکخراوە تیرۆریستیی و پەڕگیرەکان تەنانەت بۆ رۆژێکیش رانەوەستاون لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی، ستایشی تاکتیکی هێزە پەیوەندیدارەکانی کرد لەرووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و گوتی: "هیچ یەک لە رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان نەیانتوانی بەسەرکەوتوویی هێرشبکەنە سەر وڵاتەکەمان. هۆکارەکەی بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە تاقییان نەکردبێتەوە. بەڵکو پلانەکانیان شکستی پێهێنرا. تیرۆریستان لە مەیدانی جەنگدا کوژران. ئەمە بەوە روویدا کە گیانی ١٨٠ هەزارمان خستە مەترسییەوە و رەوانەمان کردن بۆ عێراق و ئەفغانستان".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە هاوبەشی نوێیان هەیە لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە ئیدارەدانی ئەو هێزە لە زۆر وڵاتی هاوپەیمان پێکدێت و بەهەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتە خۆجێییەکان سەرکەوتن بەدەستدەهێنن بۆ ئەمەش لاوازبوونی ئەلقاعیدە و رزگارکردنی نیوەی زیاتری ئەو خاکەی لەسووریا و عێراق لەژێردەستی داعشدا بووە بە نموونە هێنایەوە.
ئۆباما سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە هەموو رێوشوێنێک بگرنەبەر بۆ درووستنەبوونی مەترسی لەسەر هاووڵاتییانی ئەمریکی، گوتی:
"سوپای ئەمریکا دەتوانێت هەموو ئەرکێکی سەرشانی بەسەرکەوتوویی جێبەجێبکات. هەموو جیهان دەزانێت کە ئێمە بەهێزترین هێزی جەنگیمان هەیە و پێویستە هەرواش بمێنینەوە. پێموایە لەدۆخی پێویستدا هێزەکانمان تاکلایەنانە هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر بۆ لەناوبردنی ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی هاووڵاتییانمان دەبنەوە. بەڵام من پێداگرم لەسەر ئەوەی رەوانەکردنی هێزەکانمان بۆ ئەو شوێنانەی لەوپەڕی جیهان بوونەتە مۆڵگەی تیرۆریستان و چارەسەرکردنی پێکدادانانی ناوخۆیی نائەقڵانییە و درێژەی پێنادرێت. لەبری ئەمە، ئێمە بە مکوڕییەوە کاری لپێشینەمان کردووەتە بەرەنگاربوونەوەی ئەلقاعیدە و داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە. دەبێت بە هاوپەیمانانیشمان بڵێین کە ئەرکی سەرشانیان جێبەجێبکەن. پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی یەکجارەکی هێزە خۆجێییەکان بەهێزبکەین".