Dildar Baykan Atalay
04 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2021
واشنتۆن – AA
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن پساکی لەبارەی دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا رایگەیاند "ئیدارەی نوێی ئێران بە داواکاری بونیادنەرانەوە نەھاتووە بۆ ڤیەننا".
پساکی لە کۆنگرەی رۆژانەی رۆژنامەوانی خۆیدا لە کۆشکی سپی لەبارەی دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەوان ھەمیشە لەگەڵ ئەوە دابوون بە دانوستان و رێگای دیپلۆماتی کێشەکان چارەسەر بکرێن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ گەڕی حەوتەمی دانوستانەکان لە ڤیەننا کۆتایی ھاتن و شاندی وڵاتەکەی گەڕاونەتەوە واشنتۆن و گوتی: "ئیدارەی نوێی ئێران بە داواکاری بونیادنەرانەوە نەھاتووە بۆ ڤیەننا. تەنانەت لە کێشە جیدییەکانی شەش گەڕی دانوستانەکاندا پێشنیاری داھێنەرانە خرانە روو. بەداخەوە بۆچوونی ئێران لەم ھەفتەیەدا بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدا نەبوو کە چارەسەر نەکراون".
پساکی ئاماژەی بەوە دا کە ئێران بەر لەوەی بێتە گەڕی نوێی دانوستانەکان "ھەڵمەتی دنەدانی چەکی ئەتۆمی نوێ"ی دەست پێ کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر لایەنی ئێران پابەند ببێت، ئەوا ئەمریکاش پابەند دەبێت بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی.