کەشتییەکی پشکنەری روسی حەفتەیەکە لە نێو بەفردا گیربووە، کەشتییەکی ئوسترالی بۆ رزگارکردنی بەڕێکەوت و کۆپتەرێکی چینی بە ھەماھەنگیی تیمی ئەژدیھای بەفر گەیشتنە ئەوێ.
ئالڤین ستۆن، گوتەبێژی لیژنەی پشکنینی MV لە کەشتییە گیرخواردووەکە گوتی: "بە یارمەتیی کۆپتەری رزگاریکارو تیمە بەفرشکێنەکان ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی کەشتییەکە دەستیپێکرد، ھەموومان دڵخۆشین بەوە."
کریس تورنەی سەرۆکی تیمی پشکنرەی MV لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڤیدیۆی نیشتنەوەی فڕۆکە چینییەکەی بڵاوکردۆتەوەو نووسیویەتی: "فڕۆکە چینییەکە توانی بنیشێتەوە، ئەمجارەیان رزگاربوونمان مسۆگەرەو ھەزاران سوپاس بۆ ئەوانەی ھەوڵی رزگارکردنمان دەدەن، سوپاس بۆ ھەمووان."
کۆپتەرە چینییەکە بۆ رزگارکردنی ٥٢ پشکنەری تیمە روسییەکە گەیشتۆتە ناوچەکە، بەگوێرەی پلانەکان کۆپتەرەکە پشکنەران دەگەیەنێتە کەشتییەکی ئوسترالی، بەھۆی ئەوەی کۆپتەرەکە لە ھەر سەفەرێکدا دەتوانێ تەنیا ١٢کەسھەڵبگرێ، چاوەڕوان دەکرێ ئۆپەراسیۆنەکە نزیکەی پێنج سەعات بخایەنێ، پاشان کەشتییەکە تەواوی رزگاربووان دەگەیەنێتە دوورگەی تازمانیای سەربە ئوسترالیا،
تیمی MV رۆژی ٢٨ی تشرینی دووەم بە مەبەستی پشکنینی ناوچەکانی ئانتارکتیکا و نیوزلەندا بەڕێکەوتبوون، لەبەر گێژەڵووکەو بارینی بەفرێکی زۆر، کەشتییەکەیان لە نێو کێوە بەفرینەکانی ناوچەیەکی دورگەی تازمانیا گیری خوارد بوو.
پێشتر تیمی ئەژدیھای بەفر چین و بەفرشکێنەکان ھەوڵی رزگارکردنی ٧٤ پشکنەری فەرەنسییان دابوو بەڵام لەبەر تۆکمەیی و ئەستووریی چینە بەفرەکان نەیانتوانیبوو ئەو کارە بکەن.