Rewa Mahmut Hasan
31 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2016
هەولێر - AA
لەگەڵ ئازاد کردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵدا، هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە وردە وردە دەگەڕێنەوە ناو ژیانی ئاسایی خۆیان. گوندی فازلییە کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵەوە ماوەی چەند رۆژێکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە ئازاد کراوە.
کاتێک لەڕێگەی ناوەرانەوە بەرەو گوندی فازلییە بەڕێدەکەویت کاولکارییەکی زۆری خانوو و دووکانی ناوچەکە لەسەر رێگە بەرچاو دەکەوێت، زۆرێکیان لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە کراونەتە ئامانج، ئەویش بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە قەناسبەدەستەکانی داعش لە ناو ئەو خانووانەدا. لەدوای چەندین کێڵگەی زەیتوون کە هاوکات چەکدارانی داعش وەک مۆڵگەیەک بۆخۆیان بەکاریان دەهێنا، دەگەیتە گوندەکە کە تائێستاش ئاڵای سپی بەسەر ماڵەکانیانەوە ماوە وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە هیچ چەکدارێکی داعش لە گوندەکەیان نەماوە.
زۆر چیرۆکی جەرگ بڕ لەناو گوندەکەدا بەدی دەکرێت، بە گشتی هاووڵاتییان خۆشحاڵن بە رزگارکردنی گوندەکەیان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، لەکاتێکدا کە زۆرێکی خەڵکی گوندەکە عەرەب و کورد و شەبەک-ن.
بەسام عەبدوڵڵا حسێن یەکێکە لە دانیشتوانی گوندەکە خانووەکەی بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانەوە رووخاوە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەو رێگایەی بە نزیک ماڵەکەیدا تێپەر دەبێت، چەکدارانی داعش بەکاریان هێناوە، بەسام باس لەوە دەکات کە بەهۆی خەستی بۆردومانەکان و بوونی چەکداران لەو ناوچەیە هەر زوو ئەو خانووەیان بەجێهێشتووە و چوونەتە ناو خانوویەکی دیکە، هەر ئەمەش وای کردووە هیچ زیانێکی گیانیان لێ نەکەوێت، تەنیا زیانی ماڵی نەبێت.
ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان بە درێژایی مانەوەی داعش لەناوچەکە زۆر ئاستەم بووە وەک دانیشتوانی ئەو گوندە باسی لێوە دەکەن، هیچ کام لە هاووڵاتییان سەروماڵیان پارێزراو نەبووە.
شاکر مەحموود قاسم-ی تەمەن ٢٠ ساڵ گەنجێکی ئەو گوندەیە، پێش هەشت مانگ کراوەتە ئامانجی قەناسبەدەستێک و بەهۆیە جەستەی ئیفلیج بووە و بە کورسی خاوەن پێداویستی تایبەت دەجووڵێتەوە.
شاکر باس لەوە دەکات کە ئەو سەرقاڵی باخی زەیتوون بووە و لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە بۆ ژەمی نیوەڕۆ لەلایەن قەناسبەدەستێکەوە کراوەتە ئامانج و لەنزیک ملیەوە لێی دراوە و گولـلە لەلایی خوارەوەی قۆڵی چەپی هاتۆتە دەر.
ئەو کە تائێستاش گولـلەکەی وەک یادگاری هەڵگرتووە بە دەم قوڕگێکی پڕ لە گریانەوە باس لەوە دەکات کە کەس نییە لەناو خێزانەکەیاندا بژێویان دابین بکات. هاوکات چەندین خەرجیشی دەوێت تاکو ناوبەناو سەردانی نەخۆشخانە بکات.
ئەو لەلایەن سێ هاوڕیی خۆیەوە لەکاتی برینداربوونی دەبردرێتە نەخۆشخانەیەکی مووسڵ و دوای مانەوەی لە مووسڵ بۆ ماوەی ١٥ رۆژ بە تەندروستییەکی نیمچە باشەوە رەوانەی ماڵەوە دەکرێتەوە لە گوندی فازلییە.
لەکاتێکدا توندوتیژییەکانی داعش کاریگەری زۆری کردووەتە سەر بژێوی هاووڵاتییانی گوندەکە، چەندین کەسایەتی گوندەکە وەک بەرپرسیارێتیەکیان بەرامبەر بە مرۆڤایەتی رۆژانە خواردن دروست دەکەن و دەیبەخشنەوە بەسەر کەسانی لێقەوماو و کەم دەرامەت.
ئوم وەسفییە-ی تەمەن ٥٦ ساڵ کە خەڵکی گوندەکەیە، رۆژانە خواردن دروست دەکات و بەسەر پێشمەرگە و هاووڵاتییانی هەژاردا دابەشی دەکات. ئەو ژنە کە هێشتا ئومێد لە چاوەکانیدا بەدی دەکرێت خاوەنی ٤ منداڵە (٣ کوڕ و یەک کچ) باس لەوە دەکات کە هەرسێ کوڕەکەی کار دەکەن بەڵام بەهۆی بوونی داعشەوە ماوەیەکی زۆر کاریان وەستاو بوو.
ئوم وەسفییە بە نیگەرانیەوە باس لە سەردەمی بوونی داعش دەکات لەناو گوندەکەیاندا بەجۆرێک هیچ کام لە کوڕەکانی نەیانتوانیوە بچنە دەرەوە لە ترسی چەکدارانی داعش و سەپاندنی سزای جۆراو جۆر بەسەریاندا. لەکاتێکدا ئێستا یەکێک لە کوڕەکانی دەستبەسەرە لەلایەن پێشمەرگە بەتۆمەتی دەستکاری کردن و تێکدانی یەکێک لەو ماڵانەی کە داعش تیایدا ماوبوونەوە.
وەک ئوم وسفییە باسی دەکات کوڕەکەی بەهۆی کۆبوونەوەی رق و کینەیەکی زۆر لە ناخیدا بەرامبەر بە چەکدارانی داعش ئەو کارەی ئەنجام داوە.
ئەوەی بەرچاو دەکەوێت لەگوندەکەدا، ژمارەیەکی زۆر بۆمبی دەستکرد لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە لەناو بارەگاکانی داعشدا دۆزراونەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە چاوەڕوانی پوچەڵکردنەوەیدان لەلایەن تیمی تایبەتەوە و لە بەردەم ماڵەکان بەجێهێڵراون.