Dilara Zengin Okay
28 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن- AA
بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس، ئێلۆن ماسک ئاشکرای کرد کە قۆناغی تایبەت بە کڕینی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر کۆتایی هاتووە.
راگەیاندنەکانی ئەمریکا، هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە کە ئێلۆن ماسک کۆتاییهاتنی قۆناغی کڕینی تویتەری راگەیاندووە.
لەو هەواڵانەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئێلۆن ماسک هەریەک لە بەڕێوبەری گشتی، بەرپرسی کاروباری دارایی، بەڕێوبەری کاروباری یاسایی و راوێژکاری گشتیی تویتەری لەکار لابردووە.
پێشتر ئێلۆن ماسک لە سەدا ٩،٢ی پشکەکانی تویتەری کڕیبوو، بەڵام لە ١٤ی نیساندا راگەیەندراوێکی ئاراستەی ئەنجوومەنی کاروباری دارایی و بۆرسای ئەمریکا (SEC) کرد و پێشنیازی کڕینی تەواوی پشکەکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی کرد، لە ٢٥ی نیسانیشدا تویتەر، ئەوەی راگەیاند کە رێککەوتنێک واژوو کراوە بۆ فرۆشتنی تەواوی پشکەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکە بە ماسک.
بەڵام دواتر لە ١٣ی ئایاردا ئێلۆن ماسک ئەوەی ئاشکرا کرد کە قۆناغی کڕینی تویتەر بەرامبەر بە نزیکەی ٤٤ ملیار دۆلار، بە شێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردراوە. ئێلۆن ماسک دەربارەی هۆکاری هەڵپەساردنەکەش روونکردنەوەیەکی لە هەژماری خۆی بڵاوکردبووەوە و نوسیبووی: "چاوەڕێی وردەکاری تایبەت بە بەکارهێنەرانی هەژمارە ساختەکان دەکەم کە کەمتر لە لەسەدا پێنجی بەکارهێنەرانی تویتەر پێکدێنن".
لە هەشتی تەمووزیشدا ماسک، بەهۆی چەند پێشێلکارییەکی یاساییەوە گرێبەستی کڕینی تویتەری هەڵوەشاندەوە. پارێزەرەکانی ناوبراو لە راگەیەندراوێکدا کە پێشکەشی ئەنجوومەنی کاروباری دارایی و بۆرسای ئەمریکایان کردبوو، ئەوەیان خستبووەڕوو کە تویتەر وەڵامی چەند داواکارییەکی نەداونەتەوە کە تایبەتبوون بە بەکارهێنەرانی هەژمارە ساختەکان.
تویتەریش لە بەرامبەر هەڵوەشاندەوەی گرێبەستەکەدا داوای یاسایی لە دژی ئێلۆن ماسک تۆمار کرد.
بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەدا جارێکی دیکە ماسک، پێشنیازی کڕینی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەری لە بەرامبەر ٤٤ ملیار دۆلاردا خستە بەردەم ئەو کۆمپانیایە.
ئەو دادوەرەی کە سەرپەرشتی داواکەی دژبە ماسکی دەکرد، بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکە تا ٢٨ی تشرینی یەکەم، بڕیاری هەڵپەساردنی داواکەی دا.