Emel Gözellik
15 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
ئیسلام ئاباد- AA
نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ پرسی ئەفغانستان، زاڵمای خەلیلزاد و شاندی ئەمریکا، ستایشی ئەو رۆڵەیان کرد کە پاکستان لە قۆناغی دانوستانەکانی تاڵیبان و لایەنەکانی ئەفغانستاندا بینیویەتی.
سوپای پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە خەلیلزاد و شاندە ئەمریکییەکە لە میانی سەردانیاندا بۆ پاکستان لەگەڵ فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی پاکستان، قەمەر جاوید باجوا کۆبوونەتەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە کە شاندەکە ستایشی رۆڵی پاکستانی لە قۆناغی ئاشتی ئەفغانستان کردووە و جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئەگەر هاوکارییەکانی پاکستان نەبوایە ئەو قۆناغە سەرکەوتوو نەدەبوو.
دانوستانەکانی ئاشتی ئەفغانستان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە لە ١٢ی ئەیلوولەوە لە قەتەر دەستی پێکردووە.
سەرۆکی ئەنجومەنی رێککەوتنی باڵای نیشتمانی ئەفغانستان، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا لە میانی کۆنگرەیەکی رژنامەوانییدا لە شاری دۆحە باسی لەوە کردبوو کە پێکەوە کۆبوونەوەی حکوومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان گرنگییەکی زۆری بۆ پرسی ئاشتی هەیە و ئەوەشی خستبووەڕوو کە دانوستانەکانی نێوان تاڵیبان و لایەنەکانی ئەفغانستان بەردەوام دەبێت.
بۆ جاری یەکەم سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەنێوان تاڵیبان و حکوومەتی ئەفغانستان هەنگاوی نابوو، بەڵام ئەم هەنگاوانە لە ٢٠١١، ٢٠١٢ و ٢٠١٣دا بێ ئەنجام بووبن.
دواتر لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ-دا و لە ساڵی ٢٠١٧دا، دانوستانەکان دووبارە هاتنەوە نێو رۆژەڤ و لە ٢٥ی شوباتی ٢٠١٩دا، کۆبوونەوەکانی ئەمریکا و تاڵیبان دەستیانپێکردەوە.
نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ پرسی ئەفغانستان، زاڵمای خەلیلزاد لە ئەیلوولی ٢٠١٩دا، گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاڵیبان راگەیاند، بەڵام هەر لەو رۆژەدا سەربازێکی ئەمریکی لە پەلامارێکی تیرۆریستی لە شاری کابول پایتەختی ئەفغانستان کوژرا و بەمهۆیەوە ترەمپ دانوستانەکانی هەڵپەسارد.
دواتر لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ دووبارە دانوستانەکان دەستیانپێکردەوە و لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٠دا، رێککەوتننامەی ئاشتی واژوو کرا.