Muhammed Bilal Kenasari,Ramal Abdullah Mahmood
28 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2017
واشنتۆن – AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن لە گوتارێکدا داکۆکی لە هەوڵە دیپلۆماتییەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کرد و ئاماژەی بەوە دا، سەرەڕای "تەنگوچەڵەمە زۆرەکان" ئیدارەکەی کاری گرنگی ئەنجام داوە.
ماوەیەکی زۆرە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە کێشە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و رێکس تیلەرسن هەیە، بەڵام تیلەرسن لە گوتارێکدا کە لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوکراوەتەوە کارەکانی حکوومەت بەرز دەنرخێنێت.
تیلەرسن بە ئاماژەدان بەوەی کە "شانازی" بە کارەکانی حکوومەتەوە دەکات، نووسیوویەتی: "وێڕای تەنگوچەڵەمەی زۆر کاری گرنگی ئەنجام داوە".
تیلەرسن سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە حکوومەت لە ماوەی ئەمساڵەی دواییدا لە زۆر ناوچەی جیاواز کاروبارەکانی ئەنجام داوە "لە ماوەی ئەمساڵەی دواییدا ئەمریکا دووچاری دژواری زۆر بۆتەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی، کۆریای باکوور، چین و رووسیا".
لەبارەی کاروباری وەزارەتەکەیشیەوە تیلەرسن نووسیوویەتی: "سەرەڕای تەنگوچەڵەمەکان وەزارەتی دەرەوەی گەلی ئەمریکا و ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا دەبێت بوێر بێت بە هۆی کارەکانی لە پێناو هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەو سزایانەی خراونەتە سەر کۆریای باکوور بە "سەرکەوتنی دیپلۆماتی" ترەمپ لە قەڵەم دەدات و دەڵێت "بە هۆی گوشارە ئاشتیخوازییەکانمان لەسەدا ٩٠ی هەناردەکردنی کۆریای باکوور راوەستا، بەشی زۆری ئەو رێژەیەش بوودجەیەک بوو کە بۆ پەرەپێدان بە چەکی نایاسایی بەکار دەهێنرا. هیوادارین کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش گوشاری گرنگ بخەنە سەر رژێم (کۆریای باکوور) بۆ ئەوەی واز لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی بهێنێت. دەرگای گفتوگۆمان کراوەیە، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەوڵی جددی رژێمە بۆ کۆبوونەوە لەسەر مێزی دیالۆگ. تاکو بەرنامەی ناوەکی رانەگیردێت بەردەوام دەبین لە گوشارەکانمان".
تیلەرسن ئاماژەی بەوە دا کە ئیدارەی ترەمپ لە بەرەنگاربوونەوەیەکی "توند"ی داعشدایە. جەختی لەوەش کردەوە کە دوای بەرەنگاربوونەوەی داعش ئەو رێکخراوە لە عێراق و سووریا خاکی لەدەست داوە.
میدیاکانی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ترەمپ و تیلەرسن بە تایبەت لە رووی دیپلۆماتییەوە سیاسەتێکی جیاواز پەیڕەو دەکەن و ترەمپ کۆتایی بە کارکردنی تیلەرسن دەهێنێت لە پۆستەکەی. ترەمپ و تیلەرسنیش ئەو دەنگۆیانەیان رەت کردبۆوە.