Heman Hussein Yaseen
27 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2020
ھەولێر - AA
رۆژی ھەینیی رابردوو مزگەوتی گەورەی ئایاسۆفیای شەریف بەڕووی خوداپەرستیدا کرایەوە و دڵخۆشییەکی زۆری لە جیھانی ئیسلامیدا دروست کرد و زۆرێک لە موسڵمانان ئاواتەخوازن دوای کۆتایی ھاتنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، بتوانن سەردانی ئەو مزگەوتە بکەن و نوێژی تیادا ئەنجام بدەن.
سهرۆكی لقی كوردستانی یهكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان، زانای ئیسلامی، دکتۆر سەید ئەحمەد پێنجوێنی رایگەیاند کە مزگەوتی گەورەی ئایاسۆفیای شەریف لە بنەڕەتدا مزگەوت بووە و ئێستا گەڕاوەتەوە سەر دۆخی پێشووی و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر جاران خەڵک تیایدا لەسەر قاچ دەوەستان، ئەوا ئێستا تیایدا کڕنوش بۆ خوا دەبەن و ئاواتەخوازە کە دوای کرانەوەی سنوورەکان سەردانی مزگەوتی گەورەی ئایاسۆفیای شەریف بکات.
سەید ئەحمەد پێنجوێنی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''گومانی تیادانییە خەڵکانێک دید و ھەڵسەنگاندنیان نییە بۆ رووداوەکان، ئەوانەی ئەھلی قیبلەن و پێیان خۆشە کە شوێنێک لە بنەڕەتدا مزگەوت بووە و موسڵمانان بە ماندووبوون فەتحیان کردووە و کردوویانە بە ماڵی خوا و ئێستاش بووەتەوە مزگەوت، ئەویشی رووی لە مۆسکۆ و واشنتۆن بێت ئەوا حەتمەن پێی ناخۆشە و تووشی فۆبیا دەبێت''.
زانای ئیسلامی، دکتۆر سەید ئەحمەد پێنجوێنی گوتیشی: ''ئەگەر شوێنەکە کەنیسە بووبێت و بووبێتە مزگەوت ئەوا تەواوکەری یەکترن، بەڵام مۆزەخانە نە پێغەمبەر عیسا دەخوا و نە بە پێغەمبەر محەمەد (درودی خوایان لێ بێت) و لە ھەمانکاتدا، ئەو شوێنە کە ئێستا بووەتە مزگەوت، ئەوا بەشێکە لە سەرەوەری وڵات و خواستی میللەت و گەلی تورکیا، کەسێک لە دەرەوەی تورکیا ھیچ مافێکی نییە ناڕەزاییەتی دەربڕێت، رۆما، یۆنان، پاپا و قەشەکان مافی ئەوەیان نییە ناڕەزاییەتی دەربڕن''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سهرۆكی لقی كوردستانی یهكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان، سەید ئەحمەد پێنجوێنی ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین مزگەوت لە چەندین وڵات رووخێنراوە و کراوەتە شوێنی دیکە، بۆیە ئەوانەی رەخنە لە تورکیا دەگرن با بچن رەخنە لەوانەیش بگرن کە مزگەوتەکانیان کردووەتە باڕ و گوتی:
''ئەوانەی ھەزارەھا مزگەوتی ئێمەیان داگیرکردووە لە ھەنگاریا، بولگاریا، یۆنان، قوبرس (قوبرسی رۆم)، ئیتاڵیا، سربیا، بۆسنە و چەندین شوێنی دیکە کردوویانەتە باڕ، یان ئەو ھەموو مزگەوتەی لە عێراق وێران کراوە بە دەستی ئەو میلیشیا تایفییانە و ئەگەر کەسێک حەزی لە عەدالەت و دیموکراسییەتە ئەوا بابێت لەسەر ئەمە توڕەبێت بڵێت چۆن؟، بێگومان ئەگەر ئەمەی کرد با رەخنە لە تورکیاش بگرێت''.
زانای ئیسلامی، دکتۆر سەید ئەحمەد پێنجوێنی گوتیشی: ''ئەگەر ئەو شوێنە کەنیسە بووە وەک دەڵێن، ئەوا شوێنێکی پیرۆزبووە و بووەتە شوێنێکی پیرۆزتر، کەسێک جاران لەسەر قاچ تیایدا دەوەستا، ئێستا سەر دادەنوێنی بۆ خوا، خوا خوای ھەموومانە''.
دکتۆر سەید ئەحمەد پێنجوێنی ئاماژەی بە گوتەیەکی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و گوتی: ''سەرۆکۆماری تورکیا ئەردۆغان دەڵێت ئەمە شوێنێکە بۆ ھەموو کەسە و لە ھیچ کەس قەدەغە نەکراوە، ھەروەھا بەپێی بەڵگە مێژووییەکانیش کاتی خۆی محەمەد فاتح بە پارەی خۆی کڕیوویەتی و کەنیسە نەبووە، بەڵکو شوێنک بووە بۆ بەڕێکردنی سوپا لەوێیەوە، لەبەر ئەوە ئەم شوێنە کەنیسە نەبووە بۆیە ھەر موسڵمانێک دڵی بەکردنەوەی ئایا سۆفیا خۆش نییە دەبێت گومان لە موسڵمانبوونی خۆی بکات''.
مامۆستا سەید ئەحمەد پێنجوێنی گوتیشی: ''پێشتر چوومەتە ناو ئەو شوێنە و ئەگەر دونیا کرایەوە ئەوا حەز دەکەم بچمە سەردانی ئایاسۆفیا''.
رۆژی هەینیی رابردوو بەئامادەیی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، مستەفا شانتۆپ و جێگری سەرکۆماری تورکیا، فوئاد ئۆکتای و سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەولەت باخچەلی دوای ٨٦ ساڵ دابڕان یەکەم نوێژی هەینیی لە مزگەوتی گەورەی ئایاسۆفیای شەریف بەڕێوەچوو.