هەولێر
بەمەبەستی بەهاناوە چوونی و پاراستنی خەڵكی كۆبانێ لە بەرامبەر هێرشەكانی چەكدارانی داعش سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی داوای لە هاوپەیمانان كردووە، هێرشی فڕۆكە جەنگییەكان زیاتر بكەن.
دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە گوایە سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە توركیا كردووە، رێگا بە پێشمەرگەی كوردستان بدات، بچنە كۆبانێ و بەرگری لەو شارە بكەن، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان جەبار یاوەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند:" سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە هاوپەیمانان كردووە، هێرشە ئاسمانییەكانیان بۆ چەكدارانی داعش لە كۆبانێ زیاتر بكەن، هەر لەسەرەتاوە هەوڵیداوە هەموو یارمەتییەكی هەرێمی كوردستان بگاتە كۆبانێ ،پشتگیری لە كۆبانێ و خەڵكی رۆژئاوای كردووە."
سەبارەت بە ئەگەری داواكاری بارزانی بۆ توركیا تا رێگە بە پێشمەرگە بدەن بچنە كۆبانێ، جەبار یاوەر گوتی:" بەیاننامەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی ئەو پرسیارەی تێدایە، كە داوا لە وڵاتانی بەشداربوو لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش دەكا، هاوكاری خەڵك و خەباتكارانی كۆبانێ بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش. هەروەها سەرۆكی هەرێم داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە بە هانای خەڵكی كۆبانێ و پەنابەران بچن كە لەبەر هەڕەشەی داعش پەنایان بۆ ئەو دیوی سنوور بردووە."
رۆژی سێشەممە فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەهەڵوێستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دا و رایگەیاند كە "سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتای هەڕەشە و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانێ، پاڵپشتی كۆبانێ و خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بووە و سەرۆك بارزانی زۆر بە پەرۆشەوە بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئاوارەكان و ڕەوشی كۆبانێ كردووە و لە 19ـی ئەیلوولی 2014 لە پەیامێكدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە كۆبانێ لە هەڕەشەی تیرۆریستان بپارێزن و پەلاماری داعشی بۆسەر كۆبانێ بە نەفیرعام لەدژی گەلی كورد وەسف كرد."
هاوكات لەو راگەیاندراوەدا ئاماژە بەوەدراوە كە :" پاش رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو و چڕتربوونی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانێ سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەخت لە هەمان هەڵوێست دەكات و داوا لە وڵاتانی بەشداربوو لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش دەكات كە هاوكاری خەڵك و خەباتكارانی كۆبانێ بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش. سەرۆك بارزانی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بە هانای خەڵكی كۆبانێ و پەنابەران بچن كە لەبەر هەڕەشەی داعش پەنایان بۆ ئەو دیوی سنوور بردووە."
لە كۆتایی راگەیاندراوەكەدا سەرۆكایەتی هەرێم ئاماژە بەوەش دەدا كە "لەم دۆخە نالەبارەی كۆبانێ تێیكەوتووە سەرۆكایەتیی هەرێم و گەلی كوردستان پاڵپشت و هاوپەیمانی خوشك و برایانی خۆیانن لە كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان."
لە ١٥ی مانگی رابردوو چەكدارانی داعش هێرشیان بۆ سەر دەڤەری كۆبانی دەستپێكردووە و بەهۆیەوەش وێرای كۆنترۆڵكردنی سەدان گوندی ئەو دەڤەرە هەروەها زیاتر لە ١٧٠ هەزار كەس بەرەو توركیا ئاوارە و دەربەدەر بوونە.