Ramal Mahmood
24 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2017
واشنتۆن – AA
بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما لە دوا کاتژمێرەکانی سەرۆکایەتیدا نامەیەکی بۆ کۆنگرێس ناردووە لەبارەی یارمەتیدانی ئیدارەی فەڵەستین بەبڕی ٢٢١ ملیۆن دۆلار.
هەواڵەکە لە میدیاکانی ئەمریکا دەنگیداوەتەوە بەوەی کە ئۆباما رۆژی هەینی رابردوو و چەند کاتژمێرێک بەر لەوەی پۆستەکەی رادەستی دۆناڵد ترەمپ بکات، نامەیەکی بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا نووسیووە و رایگەیاندووە کە بڕیاری ئەندامانی کۆنگرێسی کۆمارییەکانی راگرتووە و هاوکاری پێشکەشی فەڵەستین کردووە.
بەپێی دەنگۆکان پشتبەستن بەچەند کارمەندێکی کۆنگرێس و گەورە بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە، ئۆباما لە پاڵ هاوکاریکردنی فەڵەستین بەبڕی ٢٢١ ملیۆن دۆلار چوار ملیۆن دۆلاریشی بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بڕی یەک ملیۆن و ٢٥٠ هەزار دۆلاریشی بەنەتەوە یەکگرتووەکان، بەخشیووە.
ئیدارەی حکوومەت ئەو بڕیارانە جێبەجێ دەکات کە لەلایەن کۆنگرێسەوە راگیراون، بەڵام بنەمایەکی یاساییان نییە.