Kasım İleri
09 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2022
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن رایگەیاند، تورکیا نیگەرانیی ئەمنیی گرنگی دەربارەی ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ خستەڕوو، و بۆ نەهێشتنی ئەم نیگەرانییانە پێواژووەکە بە شێوەیەکی کاریگەر بەکارهێندرا و لەوە دڵنیایە کە لە نزیکترین کاتدا هەردوو وڵات وەکو ئەندامی ناتۆ دەبینێت.
ئانتۆنی بڵینکن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فینلاند، پێکا هاڤیستۆ و وەزیری دەرەوەی سوید، تۆبیاس بڵیسترۆم کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.
بڵینکن ئاماژەی بەوە کرد کە فینلاند و سوید ئامادەن ببن بە هاوپەیمان لە ناتۆ و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە یەکە سەربازییەکانی هەردوو وڵات لە کۆسۆڤۆ، ئەفغانستان، عێراق و لیبیا لەپاڵ هێزەکانی ناتۆ ئەرک بەجێ دەگەیەنن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگهیاند: "هەردووکیان ئەندامن لە 'هاوبەشی لە پێناو ئاشتی' و 'دەرفەتی هاوبەشی بەهێزکراو'ی ناتۆ. ئەگەر بە زمانێکی روون باس لەمە بکرێت، ئەوە دهگهیهنێت کە سوپاکانیان، بەبێ کێشە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی کاردەکەن".
ئانتۆنی بڵینکن وەڵامی ئەو بانگەشانەی دایەوە کە دەڵێت تورکیا ئەندامبوونی سوید و فینلاندی لە ناتۆ دواخستووە و ئاشكرایكرد، پێواژووی ئەندامبوونی هیچ وڵاتێک لە ناتۆ پێشتر هێندەی پێواژووی ئەندامبوونی ئەم دوو وڵاتە خێرا بەڕێوەنەچووە و پێواژووەکە بەشێوەیەکی گونجاو بەڕێوەدەچێت.
بڵینکن گوتی: "تورکیا لەم پێواژووەدا نیگەرانی ئەمنیی گرنگی خستەڕوو. پێواژووەکە بەشێوەیەکی کاریگەر و بەرهەمدار لەپێناو نەهێشتنی ئەو نیگەرانییانە بەکاردەهێندرێت. هەردوو وڵاتەکە لە رێگەی هەنگاوی کردارییەوە بۆ نەهێشتنی ئەم نیگەرانییانە، سەرکەوتوو بوون لە درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و ناتۆ. هەردوو وڵاتمان بینی کاتێک هەنگاوی کردارییان بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکانی تورکیا هاویشت. لەبەر ئەم هۆکارە دڵنیام لەوەی کە ئەمە پێشدەکەوێت. بە پرۆسەیەکی گونجاودا تێدەپەڕێت و لە نزیکترین کاتدا ئەوان وەکو ئەندام دەبینین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی بۆ ئەمریکا زیاتر نەچووەتە نێو ئەم پرسەوە بڵینكن باسی لهوه كرد، ئەمە پرسێکی دووقۆڵیی نێوان ئەمریکا و تورکیا نەبووە و ئەمریکا نایکاتە بۆ پرسێکی دووقۆڵی.
ئەوەشی خستەڕوو کە تەواوی هاوپەیمانێتییەکە هاتنە نێو پێواژووەکەوە و پاڵپشتیی نەهێشتنی نیگەرانییەکانی تورکیایان کردووە.