Selen Valente Rasquinho
11 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2024
برۆکسل - AA
بەلجیکا ڕایگەیاند، بەشداری لەو دادگایەدا دەکات کە تیایدا تاوتوێی دەرئەنجامە یاساییەکانی کۆمەڵوژییەکانی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین دەکرێت.
بە پێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە دیپلۆماتییەکانی وەزارەتی دەرەوە وەرگیراوە، بەلجیکا بڕیاری داوە شڕۆڤەی خۆی بۆ مادەی دووهەمی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید کە لە ساڵی ١٩٤٨دا مۆر کراوە، پێشکەش بکات.
لەم بارەیەوە وەزیری دەرەوەی بەلجیکا هاژا لاهبیب ڕایگەیاندووە، "لە ٧ی شوباتدا دادگای نێودەوڵەتی لاهای نامەیەکی بۆ وڵاتانی ئەندام لەوانەش بەلجیکا کە لە ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٤٨دا ئەندامن ناردووە و شرۆڤەی خۆی لەم بارەیەوە ڕوون کردووە. بەو پێیە بەلجیکا دەیەوێت بەشداری بکات لەم دۆسیەیەدا و ئەوەش بە مانای دژایەتی لایەنێک یان بەرگریکردن لە لایەنێک نییە".
ئەو سەرچاوانە ناوەڕۆکی چۆنییەتی بەشداریکردنی بەلجیکا و وادەیەکی دیاریکراوەیان بۆ ئەنجامدانی هەر چەشنە کردەوەیەکی ئەو وڵاتە ڕوون نەکردووەتەوە.