Beraa Göktürk
25 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2023
تاران – AA
بەھۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە ماوەی سێ رۆژە پارێزگای پارێزگای سیستان و بەلوچستان باشووری رۆژھەڵاتی ئێرانی گرتووەتەوە ، ٣٣٠ کەس تووشی ھەناسەسواری بوون.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە سیستان و بەلوچستان، مەجد محێبی رایگەیاندووە، ماوەی سێ رۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین، پارێزگای پارێزگای سیستان و بەلوچستان-ی گرتووەتەوە کە بەھۆیەوە تا ئێستا، ٣٣٠ کەس تووشی ھەناسەسواریی بوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.
راشیگەیاندووە کە لەو ژمارەیە، ٢٧٣ کەسیان دوای وەرگرتنی چارەسەر، نەخۆشخانەیان جێھێشتووە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە، بەڵام ھێشتا ٥٧یان لە نەخۆشخانە ماون و چارەسەر وەردەگرن.
لای خۆیەوە سەرۆکی بنکەی کەشناسی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، عەلی مەلاشاھی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە پێشبینی دەکەن، شەپۆلە خۆڵبارینەکە تا سبەی دووشەممە بەردەوام بێت کە خێراییەکەی دەگاتە ١٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
عەلی مەلاشاھی ھۆشداری دایە نەخۆشەکان، بەتایبەتیش ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دڵ و ھەناسەدانیان ھەیە، لەوەی لە ماڵەکانیاندا نەچنە دەرەوە.