Abdullah Shukur
24 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2017
واشنتۆن - AA
لە دوای بەدەستنەھێنانی پشتیوانی تەواو بۆ پڕۆژە یاسای نوێی دڵنیایی تەندروستی لەلایەن کۆمارییەکان، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کۆتایی بە دانوستانەکان ھێنا و داوای دەنگدانی لەسەر پڕۆژە یاساکە کرد.
بەپێی ئەو ھەواڵانەی کە لە راگەیاندنەکانی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ ئەو ئەندامانەی کۆمارییەکانی پشتگوێ خستووە کە پشتیوانی لە پڕۆژە یاساکە ناکەن.
ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، پاول ریان کە ئامادەکاری ئەو پڕۆژە یاسایەیە، بە مەبەستی بەدەسھێنانی پشتیوانی، کۆبوونەوەی چڕوپڕیان لەگەڵ ئەندامانی کۆمارییەکان ئەنجام دا و لە دوا کۆبوونەوەش ترەمپ رایگەیاند کە دانوستانەکان کۆتایی ھاتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەکانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکان وەرگیراوە، لە ئەگەری پەسندنەکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە، ترەمپ ھەڕەشەی ئەوەی لە کۆمارییەکان کردووە کە کار بە یاسای دڵنیایی تەندروستی سەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما دەکات.