Mehmet Şah Yılmaz
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
ئەنقەرە-AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لەبارەی بڕیارێکی کەنەدا بە هەڵپەساردنی هەناردەکردنی ژمارەیەک کەلوپەل و کەرستەی سەربازیی بۆ تورکیا، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەم بڕیارەی بە سیاسەتی دووفاقی ناوبردووە و ئەوەی وەبیر کەنەدا هێناوەتەوە کە ئازەربایجان لە چوارچێوەی بەرگریی لە خۆکردندا، خەبات بۆ گەڕاندنەوەی خاکە داگیرکراوەکانی دەکات کە ئەرمینیا ماوەی ٣٠ ساڵە داگیری کردوون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە کاتێکدا گەورەترین کارەساتی مرۆیی ئەم سەدەیە لە یەمەن روودەدات، بەڵام کەنەدا بەردەوامە لە هەناردەکردنی چەک بۆ ئەو وڵاتانەی کە بژاردەی سەربازییان دژبە قەیرانی یەمەن بەکارهێناوە، تەنانەت لە راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا رەخنە لەم فرۆشتنەی چەک گیراوە، بەڵام لەئێستادا کەنەدا رێگری لە هەناردەکردنی کەلوپەلی سەربازیی بۆ وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ دەکات".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە حکوومەتی ئەنقەرە، رێککەوتنی لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە هەیە کە کەلوپەلی بۆ هەناردە دەکەن و بەوریاییەوە سەرجەم ئەرکەکانی سەرشانی خۆشی بەجێهێناوە.
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە کەنەدا کراوە واز لە سیاسەتی دووفاقی بهێنێت و بۆ دژایەتیکردنی تورکیا نەکەوێتە ژێر کاریگەری وڵاتانی دیکەوە.