Heman Hussein Yaseen
09 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2024
هەولێر - AA
کەسایەتی سیاسیی، عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی پێگە جوگرافی و مەعنەوییەکەیەوە هەروەها بەهۆی هاوسەنگی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانییەوە، تەنیا تورکیا دەتوانێت کلیلی چارەسەری کێشەکان بێت، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئێران دەیەوێت پرسی فەڵەستین لە ڕۆژەڤی جیهان لاواز بکات لە ڕێگای دروستکردنی فرە بەرەیی لە سووریا، لوبنان، یەمەن و عێراق و چەند وڵاتێکی دیکەوە.
سیاسەتمەدار، عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لەبارەی هۆکاری گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە و ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی درێژخایەن، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، چەند هەوڵێک درا بۆ چارەسەری دۆخەکە سەرەڕای ئەو هەموو بڕیارە نێودەوڵەتییەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو هەموو ڕێپێوانەی خەڵک و کەسوکاری گیراوەکان و ئەو هەموو فشارانە، دیارە ویستێکی پشت دەسەڵاتی دەوڵەتەکان هەیە کە هێشتا ئامانجەکانییان جێبەجێ نەبووە و بەهۆیەوە چارەسەرەکان نەکران، بۆیە ئەگەری هەیە ئەم جەنگە زیاتر درێژە بکێشێت بۆ قۆناغێکی هەستیارتر و مەترسیدارتر، ئەوەش ڕەنگە جۆرێکی دیکەی جەنگی جیهانی بێت، ئەوەی ئێستا لە غەززە بەسەر ئەو کەرتە هەژارەدا باریووە و تەقێنراوە، زۆر زیاترە کە بەسەر هێرۆشیما و ناکازاکی بەکارهێنرا، ئەمە ئەگەر جەنگێکی جیهانیش نەبێت، ڕەنگە پەل بۆ جەنگێکی جیهانی بهاوێژێت ئەگەر چارەسەر نەکرێت".
لەدوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، جەنگەکە لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین فراوان بوو، بەجۆڕێک هەریەک لە وڵاتانی لوبنان، سووریا، یەمەن و عێراقیش کەوتنە ناو جەنگەکەوە و دواتریش ئێران ڕاستەوخۆ چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەمەش بەرەی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران فراوانتر بوو، ئەو سیاسەتمەدارەش ئاماژە بەوە دەکات کە فراوانبوونی بەرەی جەنگەکە مەبەستدارە و لەمبارەیەوە دەڵێت: "بە بۆ چوونی من، ئەو جەنگە سەرەتا لە غەززە و دواتر بۆ کەناری ڕۆژئاوا پاشان فراوانبوونی بۆ لوبنان، چەند مەبەستێکی هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە میحوەرییەت زیاد بکرێت، جاران میحوەری فەڵەستینی بوو بە تەنیا، ئێستا دەیانەوێت بیکەنە میحوەرێکی ئێرانی لە ڕێگای ئەو هەموو هێزە وابەستانەی ئێران کە لە لوبنان، سووریا، یەمەن و عێراق دێنە وەڵام، ئەمە لێسەندنەوەی میحوەریەتە لە فەڵەستین، چونکە دڵنیان کە ئەگەر ئەم شەڕە بوەستێت بەبێ ئەم میحوەرجیاییەی کە دروستکراوە، ئەوا حەماس یان هێزە چەکدارەکانی ناو غەززە دەسەڵات دەگرنە دەست بۆیە ئەم فرە میحوەرییە سەرنج لەسەر پرسی فەڵەستین لادەبات".
عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز گوتیشی: "زۆرجار دەگوترێت ڕۆژی دووەمی دوای جەنگ، مەبەست لە ڕۆژی دووەم ئەو دەسەڵاتەیە کە ئێستا ئیدارەی شەڕەکە دەکات، یەکێک لە مەبەستەکانی ئەم فرە میحوەرییە ئەوەیە کە دەسەڵات لە فەڵەستین بستێنن، یەکێکی دیکە لە مەبەستەکان ئەوەیە کەوا ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی ئەرووپایی پێیانوایە بۆ وەستانی ئەو شەڕە و دەربازبوون لە حاڵەتی گرفتاری کە لە ڕۆژی دووەمی شەڕ وەستان ڕوودەدات چی بێت؟، ئەوان دەڵێن دەبێت دەوڵەتێکی فەڵەستینی دروست ببێت، هێشتا ئیسرائیل بەمەش ڕازی نییە، بۆیە ئەم دروستکردنی فرە میحوەرییەی شەڕ ئەگەر خواستێکی ئیسرائیلی و هاوپەیمانەکانی نەبێت ئەوا لەبەرژەوەندی ئەوانە و بە سوود و قازانجی ئەوان تەواو دەبێت".
بە گوتەی ئەو سیاسەتمەدارە، ئەگەر دۆخەکە لەدەست دەربچێت ئەوا هێزی دیکە دێنە ناو گۆڕەپانەکەوە چونکە دۆخەکە کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری جیهان دەبێت و بەمەش وڵاتانی وەک چین، ڕووسیا و پاکستان و هەندێک وڵاتانی دیکە دێنە گۆڕەپانەکەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم دەبێت.
لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز گوتی: "بەهۆی بوونی ئەو هەموو هێزە جیاوازە، ئەگەر یاسای یارییەکە لەدەست دەربچێت، ئەوا هێزی دیکە دێتە ناو گۆڕەپانەکەوە، چونکە وڵاتانی دیکەش بەرژەوەندییان هەیە، بۆ نموونە ئێستا بەرەو وەرزی زستان دەچین، ئەگەر ئەم جەنگە هەروا درێژە بکێشێت ئەوا بازاڕی وزە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، چونکە بە بۆچوونی من لە درێژەی ئەم جەنگەدا گەرووی بابولمەندەب (دەروازەی کەشتیوانی دەریای سوور و نۆکەندی سوێس پێکدەهێنێت و لەم ڕێگایەوە وڵاتانی ئەورووپا بە وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت دەبەستێتەوە) دەگیرێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان دەبێت، لەم حاڵەتەدا ڕەنگە وڵاتانی چین، ڕووسیا و پاکستان بە ناچارییەوە بەشداربن لەم جەنگەدا، بۆیە ئەم شەڕ و ئاژاوەیە پێویستی بە دەرچەیەکی دەربازبوون و کلیلێک هەیە کە گرێ کوێرەکان بکاتەوە".
بە بۆچوونی ئەم سیاسەتمەدارە، کیلیکی کردنەوەی گوێ کوێرەکان، تورکیایە و لەمبارەیەوە گوتی: "بەهۆی ئەوەی تورکیا پێگە جوگرافییەکەی هاوسنوورە لەگەڵ سووریا، عێراق و ئێران، هەروەها نزیکە لە لوبنان، هەروەها لە ڕووی مەعنەوییەوەش تەنیا دەوڵەتێکە کە هەم لە ناتۆ گەورەترین وڵاتی ئیسلامییە، هەم ئەندامییەتی هەیە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هاریکاری ئیسلامیی، هەم تورکیا هاوسەنگی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ڕاگرتووە لەگەڵ وڵاتان، بۆیەش تەنیا تورکیا دەتوانێت دەستپێشخەرییەک بکات و ببێتە کلیلی چارەسەری کێشەکان".
عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز گوتیشی: "ئێستا هیچ دەوڵەتێک نیە بەشێک نەبێت لەم ململانێیە، تەنیا تورکیایە کە لە دەرەوەی جەنگەکەیە و پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لەگەڵ هەمووان هەیە و تەنیا ئەو دەتوانێت ئەم جەنگە ڕابگرێت، بۆیە دەستپێشخەرییەکەی تورکیا لە بەرژەوەندی هەمووانە".