Dildar Baykan Atalay
07 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2022
واشنتۆن – AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، لە ساڵیادی ھەڵکوتانەسەر باڵەخانەی کۆنگرێس لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپی کردە ئامانج.
جۆ بایدن لە میانی گوتارەکەیدا لە باڵەخانەی کۆنگرێس، گوتی: "ساڵێک پێش ئێستا وەکو ئەمڕۆ، ئەم شوێنە پیرۆزە و دیموکراسیمان لەژێر ھێرشدا بوو. ئیرادەی مرۆڤەکان لەژێر ھێرشدا بوو. دەستوورمان، رووبەڕووی گرنگرترین ھەڕەشە ببوویەوە".
بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە بە ھەوڵی ھێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا، سیستمی دیموکراتی سەرلەنوێ فەراھەم کرایەوە و باسی لە ترەمپ کرد کە لە کاتی رووداوهكهدا لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دانیشتبوو.
- بایدن ناوی ترەمپی نەھێنا
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، لە میانی ئەو گوتارەیدا کە ھیچ ناوی ترەمپی نەھێنا و ھەر بە "سەرۆکی پێشوو" ناوی دهبرد، گوتی: "بۆ یەکەم جار لە مێژووماندا، سەرۆکێک کە ھەڵبژاردنەکانی دۆڕاندووە، ھەوڵیداوە رێگریی لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە بکات، گرووپێکی قەرەباڵخ گەیشتنە باڵەخانەی کۆنگرێس. بەڵام ئەوانە سەرکەوتوو نەبوون".
جۆ بایدن باسی لەوە کرد کە لە رۆژی ٦ی کانوونی دووەم ئاڵای کۆنفێدراڵی لە کۆنگرێسدا ھەڵکرا و گوتی: "دیمەنێکی ئاوھا لە سەردەمی شەڕی ناوخۆشدا نەبینراوە".
بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە لە ٦ی کانوونی دووەمدا چەندین رووداوی "شەرمەزاریی" روویداوه و گوتی: "تاکە شت کە ئەو رۆژە نەمانبینی، سەرۆکی پێشوو بوو. سەرۆکی پێشوو، ئەو رۆژە لە ژووری نانخواردنی تەنیشت نووسینگەكهی لە کۆشکی سپی دانیشتبوو، و بۆ چەندین کاتژمێر تەماشای تەلەڤیزیۆنی دەکرد. ژیانی پۆلیسەکان لە مەترسیدابوو و پایتەختی گەلیش گەمارۆ درابوو. ئەوەی ئەمانەیان کردووە گرووپێک تیرۆریست نین، ئاژاوەیەکی چەکداریی لە ئارادابوو".
ئەوەشی راگەیاند کە بڵاوکردنەوەی بانگەشەکانی ئەنجامدانی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکاندا لەلایەن ترەمپەوە، رێگای بۆ ھەڵکوتانسەر کۆنگرێس کردەوە و گوتی: "ئەو کەسە تەنھا سەرۆکێکی پێشوو نییە، سەرۆکێکی پێشووی دۆڕاوە".