Esat Fırat
30 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2024
بەیروت - AA
حزبوڵڵای لوبنان ڕەتی کردەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری جوڵانەوەکەیان هاشم سەفیەدین'ی وەک سکرتێری گشتی لە شوێنی حەسەن نەسڕوڵڵا دیاری کردبێت.
لە ڕاگەیاندراوێکدا، حزبوڵڵای لوبنان هەواڵی بەشێک لە میدیاکان لەبارەی جێگرەوەی حەسەن نەسڕوڵڵای رەت کردووەتەوە و بە بێ بایەخ لە قەڵەمی داوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "بە ئاشکرا دەمانەوێت هەواڵی بەشێک لە میدیاکان لەبارەی جێگرەوەی سکرتێری گشتی شەهیدمان (نەسڕوڵڵا) و پڕۆسەی هەڵبژاردنی ڕێبەرایەتی حزبوڵڵا بە هەموو شێوازێک ڕەت بکەینەوە".
حزبوڵڵا لەو ڕاگەیاندراوەدا وێڕای ئاماژەدان بە بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ دیاریکردنی سکرتێری گشتی، ڕایگەیاندووە، "هەتا ئەو کاتەی کە حزبوڵڵا بە فەرمی لەم بارەیەوە لێدوان دەدات، هەموو هەواڵەکان لەم بارەیەوە جێی متمانە نین".
ڕۆژی هەینی ٢٧ی ئەیلوول، لە ئاکامی هێرشێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت'ی پایتەختی لوبنان، سکرتێری گشتی حزبوڵڵا حەسەن نەسڕوڵڵا و چەند فەرماندەیەکی دیکە کوژرا.
لە ئاکامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی قوربانیانی گەیشتووەتە هەزار و ١٧٤ کەس و بە هەزاران کەسیش بریندار بوون.