Zana Natık Kerem
19 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2026
حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە ئامادەن ھاوکاربن بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی ھێرشەکەی سەر سعوودیە و ئاماژەی بەوەشدا، پاڵپشتی لە ھەموو ئەو ھەوڵانە دەکەن کە لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە خراونەتەگەڕ.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق ھەڵوێستی خۆی دووپات دەکاتەوە سەبارەت بە بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و ڕاشیگەیاند، پاڵپشتی لە ھەموو ئەو ھەوڵانە دەکەن کە لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە خراونەتەگەڕ.
باسم عەوادی باسی لەوەش کردووە کە حکوومەتی عێراق، ھێرشەکەی ئەم دواییە کە لە ڕێگای ئاراستەکردنی دڕۆنەوە کرایە سەر سعوودیە ڕەت دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە کە عێراق جەخت دەکاتەوە لەسەر بەردەوامبوونی ھەوڵە ھاوبەشەکان بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە.
ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: "ھەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ھیچ زانیارییەکیان بەدەست نەگەیشتووە لەوەی لە ئاسمانی وڵاتەکەمانەوە ھێرش کرابێتە سەر سعوودیە، بەڵام دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئامادەن ھاوکاربن بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی ھێرشەکەی سەر سعوودیە".
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی لە ڕاگەیاندراوەکەدا، بەکارھێنانی خاکی وڵاتەکەی بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتان ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ڕێگا نادەن خاک و ئاسمانی عێراق بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بەکاربھێندرێت، ھەروەھا ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕێوشوێنی توند و پێویستیان لەوبارەیەوە گرتووەتەبەر.
باسم عەوادی ئاماژەی بەوەشداوە، چاوپۆشی لەو لایەنانە ناکرێت کە ھەوڵی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق دەدەن یان دەیانەوێت زیان بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتان بگەیەنن.