Mustafa M. M. Haboush
31 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2024
ئیستانبوڵ ــ AA
بزووتنەوەی حەماس کوژرانی سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەكەیان، ئیسماعیل ھەنییەی لە ھێرشێکی ئیسرائیلدا لە تاران ڕاگەیاند.
بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "لە ئاکامی ھێرشێکی زایۆنیدا، ئیسماعیل ھەنییە لە شوێنی مانەوەی خۆی لە تاران کوژراوە".
ھەروەھا تەلەڤيزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە ئیسماعیل ھەنییە لە تاران کوژراوە و ئاماژەی بەوەشداوە کە لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە و بەو زووانەش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ڕادەگەیاندرێت.
تا ئێستا ئیسرائیل، ھیچ ڕاگەیاندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
دوێنێ سێشەممە ئیسماعیل ھەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرکۆماری نوێی ئێران، مەسعود پزیشکیان لە تاران بوو.
ھەر دوێنێ ئیسماعیل ھەنییە لە تاران لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان کۆبوویەوە کە لە میانیدا پێشھاتە سیاسی و مەیدانییەکانی شەڕی ئیسرائیلیان بۆسەر کەرتی غەززە تاوتوێ کرد.
لە ساڵی ٢٠٢١دا، ئیسماعیل ھەنییە بۆ جاری دووەم وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ھەڵبژێردرا کە ماوەکەی لە ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایی پێ دەھات.
ھەروەھا ئیسماعیل ھەنییە چالاکییە سیاسییەکانی لەناو "کوتلەی ئیسلامی" دەست پێ کرد کە باڵی خوێندکاری ئیخوان موسلیمین بوو و دواتر بزووتنەوەی حەماس لێی سەریھەڵدا.
پێشتر ئیسماعیل ھەنییە بۆ چەندین جار، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیرکرابوو.