Davut Çolak,Rewa Mahmood Hasan
02 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2019
کۆپنهاگن - AA
لە کۆپنهاگن پایتەختی دانمارک، گرووپێک دژبە پرۆگرامێکی بەربانگ و راستڕەوە توندئاژۆکان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و قورئانی پیرۆزیان سووتاند و دروشمی، "ئەورووپا هی ئێمەیە"یان بەرز کردبوویەوە.
دوای ئەوەی کۆمەڵێک خێرخواز لە مەیدانی شارەوانی کۆپنهاگن خوانێکی بەربانگیان کردووە بۆ موسڵمانان، گرووپێک راستڕەی توندئاژۆی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانیان لە دژی ئەنجامدا.
سەرۆکی گرووپی سترام کورس (ئاراستەی توند)، راسموس پالودان و ئەندامانی پارتەکەی چوونە مەیدانەکە و بە سووتاندنی قورئان دژایەتی خۆیان نیشاندا.
دوای خوێندنی بانگی ئێوارە لە هۆتێلێکەوە دروشمی "ئەورووپا هی ئێمەیە"یان بەرزکردبوویەوە و دژبە ئیسلام و موسڵمانان دروشمیان دەگووتەوە.
دواتر پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەکە و خۆپیشاندەرانی دوورخستەوە.
گرووپە توندڕەوەکان راستەوخۆ لە یوتیوبەوە پەخشی کردەوەکانیان دەکرد.