Hemın Othman Mohammed
10 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2016
گرووپێك لە دانیشتوانی ناحییەی تازە، دژ بە هێرشەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، خۆپیشاندانیان ساز كرد و رێگای كەركووك - بەغدایان بە رووی هاتوچۆدا داخست.
گرووپێك لە گەنجانی ناحییەكە، سەرەتا دەروازەی ناحییەی تازەیان داخست، پاشان رێگای كەركووك - بەغدایان بە رووی هاتوچۆدا داخست. هەروەها بۆ رێگرتن لە تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێل، لەسەر رێگاكە تایەی ئۆتۆمبێلیان سووتاند و بەربەستیان دانا و بەو هۆیەشەوە لەسەر رێگای سەرەكی كەركووك - بەغدا ئۆتۆمبێلێكی زۆر مانەوە.
هاوكات بەهۆی رێگرتنی گەنجان لە چوونە ناو ناحییەكەوە، كارمەندانی حكوومی نەیانتوانی بچنە سەر كارەكانیان.
لەلایەكی دیكەوە خەڵكی ناوچەكە چوونە پاڵ گەنجان و داوایان كرد هەرچی زووە گوندی بەشیر لەدەست داعش رزگار بكرێت.
رێكخەرێکی خۆپیشاندانەكە، حلمی حەمید بە ئانادۆڵوی راگەیاند "گوندی بەشیر بۆتە هەڕەشە لەسەر ناحییەی تازە و كەركووك. لە بەشیرەوە مووشەكمان ئاراستە دەكرێت كە گازی خەردەلی تێدایە. ئەگەر بە داخستنی رێگای كەركووك - بەغدا دەنگمان نەگاتە شوێنی پێویست، ئەوا ویستگەی كارەبای ناحییەی تازە رادەگرین".
حەمید، باسی لەوە كرد كە ئیتر رێگە بە چوونە ناوەوەی كارمەندانی حكوومی نادەن بۆ ناحییەی تازە و گوتی: "ئەگەر لە كاتێكی نزیكدا ناوچەكە لە داعش پاكنەكرێتەوە، تا مانگرتن لە خواردن دەڕۆین. رۆژانە بۆمب بەسەرماندا دەبارێت. ئەگەر حكوومەتێك هەبێت ناچارە چارەسەرێك بدۆزێتەوە".
هاووڵاتییەكی دانیشتووی ناحییەی تازە بەناوی جەمیل قەلەندەر كە بەشداری لە خۆپیشاندانەكەدا كردبوو بە ئانادۆڵوی راگەیاند "رزگاركردنی گوندی بەشیر وەك ئەوەی گومان دەكرێت قورس نییە. تەنیا رێگە بە ئێمە بدەن خۆمان رزگاری دەكەین. لەبری ئەوەی هەموو رۆژێك بۆمب بەسەر ماڵ و منداڵماندا ببارێت، خۆمان دەچین و رزگاری دەكەین".
بەشداربوویەكی دیكەی خۆپیشاندانەكە بەناوی محەمەد كازم، بۆ ئانادۆڵو دوا و گوتی: "كەس گوێی لە هاوارمان نییە. ناچارین ئەم خۆپیشاندانە ئەنجام بدەین. ناتوانین رۆژانە گوێمان لە دەنگی بۆردومان بێت و ببینە بینەری كوشتن و برینداربوونی هاووڵاتییان. پێویستە ساتێ زووتر ناوچەكە لە داعش پاك بكرێتەوە".