Kasım İleri
22 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2021
واشنتۆن- AA
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی کۆمەڵێک بەڵگەی نهێنی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکای بڵاوکردەوە کە تیایاندا ئەوە نیشان دەدرێت سوپای ئەمریکا لە سووریا و عێراق هەزاران هاووڵاتیی مەدەنییان کوشتووە و زۆرێک لەم کۆمەڵکوژییانەش بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی پێویستیان لەبارەوە بکرێت، پەردەپۆش کراون.
نیویۆرک تایمز ئەو راپۆرتە نهێنییانەی بڵاوکردووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا و لە چوارچێوەی مافی داواکردنی زانیاریدا لەو داوا یاساییانەوەی دژی پێنتاگۆن و فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا، تۆماری کردبوون دەربارەی هاووڵاتییە مەدەنییە بێسەروشوێنەکان بەدەستیهێناون.
رۆژنامە ئەمریکییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە کۆی دوو هەزار و ٨٦٦ راپۆرتی تایبەت بە هێرشەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق لە ئەیلوولی ٢٠١٤ تاوەکو کانوونی دووەمی ٢٠١٨ توانیوویەتی هەزار و ٣١١ راپۆرت بەدەستبهێنێت، لەو راپۆرتانەدا ئەوە نیشاندراوە کە بەهۆی پەلەکردن و زانیاری هەواڵگریی هەڵەوە، هێزەکانی ئەمریکا چەندین هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و لە ئاکامی ئەم هێرشانەشدا هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون کە زۆربەیان منداڵ بوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە چاودێری تەواوی ئەو ناوچانەی کردووە و خاوەنی تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتووی بۆردومانکردنە کە زۆر وردە لە دیاریکردنی ئامانجدا.
نیویۆرک تایمز هەواڵی ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە کە لە راپۆرتەکاندا باس لەوە کراوە ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانە تێکەڵ بە ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بوون، ئاماژە بەوەش دراوە کە زانیاری هەواڵگریی هەڵە لە بارەی شوێنی بوردومانەکانەوە تۆمار کراون، هاووڵاتییانی گوندنشین بە ئەندامانی داعش و کارگەی لۆکە بە کارگەی دروستکردنی تەقەمەنی تۆمار کراون، ئەم زانیارییە هەڵانەش بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاووڵاتیی مەدەنی.
نموونەیەکی دیکەش بۆردومانکردنی ماڵێک بووە لە باکووری سووریا کە شوێنی مانەوەی جووتیار و کرێکاران بووە بەڵام شوێنەکە وەک حەشارگەی داعش تۆمار کراوە و بەهۆی ئەو هێرشەشەوە زیاتر لە ١٢٠ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون بەڵام لە راپۆرتەکانی پێنتاگۆندا نووسراوە "٨٥ ئەندامی داعش" کوژراون.
نموونەی زۆری دیکەی هاوشێوەش لە رەققە و مووسڵ روویانداوە.