Fahrettin İbrahim,Ramal Abdullah Mahmood
10 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2017
تەکناف – AA
موسوڵمانانی ئاراکان بەردەوامن لە پەڕینەوە لە رووباری ناف بۆ بەنگلادیش کە دوای کۆمەڵکوژییەکەی سەربازانی میانمار، بەناچاری دەستیان پێکردووە.
رووباری ناف کە سنووری بەنگلادیش و میانمار لەیەکتر جیا دەکاتەوە، هەموو کات جمەی دێت لە پەڕینەوەی ئەو موسوڵمانانەی دوای سووتاندنی گوندەکانیان لە لایەن سەربازانی میانمار و دەمارگیرانی بوزی لە ترسی گیانی خۆیان بە پرێسکەی کۆڵیانەوە بەرەو بەنگلادیش ملی رێیان گرتووە.
موسوڵمانان کە بە خێزانی هەوڵ دەدەن بە مەرەزە برنجەکانی رووبارەکەدا تێپەڕبن لە هەندێک شوێن بە هاوکاری ماسیگرەکان لە زەلکاوەکان دەپەڕنەوە.
موسوڵمانان کە بەناو قوڕ و لیتەی کۆوەبووی رووبارەکەدا تێدەپەڕن، ماوە ماوە بە هەندێک شوێنی رووبارەکەدا دەڕۆن کە یەک مەتر ئاوە و ئەمەش ترسیان بۆ دروست دەکات.
لە کەناراوەکانی بەشی میانماری رووباری ناف ماوە ماوە دووکەڵ دەبینرێت کە بەرەو ئاسمان بەرزدەبێتەوە. لەگەڵ زەردەپەڕی ئێواراندا پەنابەران هەوڵەکانیان هێندەی دیکە چڕدەکەنەوە بۆ دەربازبوون لە سنووری میانمار.
ئەو موسوڵمانانەی دوای رێگەبڕێنێکی زۆر و تاقەتپڕوکێن گەیشتوونەتە ناو خاکی بەنگلادیش لە کەناری رێگاکان پشوویەکیان دێتەوە بەبەردا و زۆربەیان رۆژی یەکەمیان هەر لەوێ بەسەر دەبەن.
ئەندامانی خێزانەکان دەچنە ژێر ئەو نایلۆنانەی لەو ناوچەیە دەیدۆزنەوە، رۆژی نوێشیان لە چاوەڕوانی ئەو بارهەڵگرانەدا بەسەر دەبەن کە خۆراکیان بۆ دێنێت.
پەنابەرە خواپێداوەکانیش داری وشکیان کڕیووە و دەیانەوێت بە دروستکردنی خانووی وشکە کەڵەک خێزانەکانیان لە کاریگەرییەکانی ژینگە بپارێزن.