تاران
رێگەی ئاسنیی نێودەوڵەوتیی نێوان ئێران - تورکمانستان - کازاخستان بە بەشداری سەرکۆماری هەر سێ وڵاتەکە لە مەراسیمێکدا کرایەوە.
باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە لە مەراسیمێکدا کە لە تارانی پایتەخت بەڕێوە چووە، بە ئامادەبوونی سەرکۆماری ئێران حەسەن رۆحانی و سەرکۆماری تورکمانستان قوربانقولی بەردیموحەمەدۆڤ سەرکۆماری کازاخستان نورسوڵتان نازاربایێڤ، رێگەی ئاسنیی ئێران - تورکمانستان - کازاخستان کراوەتەوە.
دوای بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە هێڵی ئاسنیی نێوان تورکمانستان و ئێران کرایەوە و لە پێشتریشدا و لەمانگی ئایاردا بەشی کازاخستان - تورکمانستانی هێڵەکە کرابوویەوە.
ئامانج لە کردنەوەی ئەو هێڵە گواستنەوەی بار و کەلوپەلە، لە ئەورووپاوە بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین و باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا، بەڕێگەیەکی خێراو بە تێچوونێکی کەمتر. هاوکات کردنەوەی ئەو رێگەی ئاسنیە بازرگانی نێوان ئەو وڵاتانە زیادتر دەکات.
کازاخستان و ئێران و تورکمانستان لە ساڵی ٢٠٠٧دا رێککەوتن لەسەر کردنەوەی ئەو رێگەی ئاسنیە کە هەوڵ دەدرێت ساڵانە ٣-٥ ملیۆن تەن بار بگوازێتەوە، لەماوەکانی داهاتوودا ئەو بڕە بکرێتە ١٠-١٢ میلیۆن تەن. هێڵە ئاسنیەکە ٨٢ کم ی لە ئێراندایە و ٧٠٠ کم ی لە تورکمانستان و ١٢٠ کم یشی لە کازاخستاندایە.